Archive

Sunday, February 7, 2021

ئه‌مەریكا له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ئەوروپییه‌كانی تاوتوێی قه‌یرانی ئێران ده‌كه‌ن



رەحیم رەشیدی/واشنگتن
رۆژی هه‌ینی، 5/2/2021 ئەنتۆنی بلینکن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا، له‌ گفتوگۆیەكی ئۆنلاییندا لەگەڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی، فه‌رەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، پرسی گرێدراو به ئێرانیان تاوتوێ كرد.
بلینكن، سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كە ئاشكرای كرد: "ئه‌‌مەریكا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ جیهانییه‌كان، كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كات و لەگەڵ هاوشانه‌ ئەوروپاییه‌كانی تیشك خراوه‌ته‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنا، كوده‌تای سه‌ربازی میانمار، رووسیا، چین و گۆڕانكارییه‌كانی ژینگه‌."
ژان ئێڤ لودریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رەنسا لەبارەی كۆبوونەوەكە له‌ تویتێکدا نووسیویه‌تی: "ئێمە کۆبوونەوەیەکی قوڵ و پڕبایه‌خمان له‌سه‌ر ئێران هه‌بوو، به‌ مه‌به‌ستی چۆنیەتی مامەڵەکردنی هاوبەش لەگەڵ قه‌یرانی ناوەکی و ئاسایشی ناوچه‌یی".
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "کۆبوونەوەكه‌ بۆ پێداچوونەوە بووه‌ به‌ رێكاره‌كاندا، بڕیاری تێدا نه‌دراوه‌".
سەرچاوەیەکی ئاگادار له‌م پرسه‌ بەر لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی باسی له‌وه‌ كردووه‌؛ پێناچێ رێککەوتنێکی باش لەسەر ئێران بێته‌ ئاراوه.
مانگی 7ی ساڵی 2015، رێككه‌وتنی وڵاتانی 5+1 له‌ ڤیه‌ننا هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئێرانی ناچار ده‌كرد ده‌ست له‌ په‌ره‌پێدان به‌ به‌رنامه‌ ناوكیه‌كه‌ی هه‌ڵگرێت، بەڵام دۆناڵد تره‌مپ له‌ مانگی 5ی ساڵی 2018، یه‌ك لایه‌نه‌ له‌م رێككه‌وتنه‌ هاته‌ده‌رەوە و گه‌مارۆی ئابووری به‌سه‌ر تاران دا سه‌پاند.
ئیدارەی بایدن رایگه‌یاندووه "ئه‌گه‌ر ئێران نیازپاكی خۆی نیشان بدات و خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات و ده‌ست له‌ پشتیوانی تیرۆریزم هه‌ڵگرێ، ئه‌مەریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو رێككه‌وتنه‌كە"، له‌مباره‌وه‌ پرسی مووشه‌كه‌ دوورهاوێژه‌كانی تارانیش له‌ ئارادایه‌ كه‌ واشنتن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ئەوروپییه‌كانی هه‌نگاوی بۆ ده‌نێت.

No comments: