Archive

Sunday, February 7, 2021

دیموكراته‌كان یه‌كلایه‌نه‌ یاسایه‌كیان په‌سه‌ند كرد



ڕەحیم ڕەشیدی/ واشنگتن
ئەنجوومەنی پیرانی ئه‌مەریكا، رۆژی هەینی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای كۆمارییه‌كان، به‌رنامه‌ی جۆو بایدنیان په‌سه‌ند كرد، کە داوای كردبوو بڕی 1.9 تریلیۆن دۆلار بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌مریكا په‌سه‌ند بكرێت، کە بەهۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ زیانی قووڵی به‌ركه‌وتووه‌.
ئه‌نجوومه‌نی پیران‌ له‌ 100 ئه‌ندام پێكدێت، هه‌نووكه‌ 50 كورسی بۆ كۆمارییه‌كان و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆ دیموكراته‌كانه‌، بەڵام به‌ گوێره‌ی یاسا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانه‌، به‌مجۆره ‌و به‌ ده‌نگی كامالا هارس، پاكێجه‌كه‌ به‌ 51 ده‌نگی دیموكراته‌كان په‌سه‌ندكرا.
کۆمارییەکان پێشنیاری پاكێجێكی 618 میلیار دۆلارییان کردبوو، بەڵام بایدن ئەو بڕە پاره‌ی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بووژانه‌وه‌ی ئابووری، پێ كه‌م بوو.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا له‌مباره‌وه‌ گوتی: "پاکێجەکە گه‌وره ‌و باشه‌ و مووچە زیاد دەکات، وەڵامێکی دروستیشه‌ بۆ ئەو قەیرانەی بەرۆکی گرتووین‌".
هه‌نووكه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ دەگەڕێنرێتەوە ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەكو بڕیار لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بدرێت کە ئەنجوومەنی پیران تێیدا جێی کردووەتەوە، پاشان كۆمیته‌ جیاوازەکانی کۆنگرێس دەست بە جێبەجێکردنی یاساكه‌ دەکەن.
ڕۆژی هەینی، وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مەریكا رایگەیاند لە ماوه‌ی مانگی یەکدا، تەنها 49 هەزار دەرفەتی کار دروست بووه‌، له‌كاتێكدا لە مانگی 12ـی پاردا، 227 هه‌زار ده‌رفه‌تی كار له‌ده‌ستچوون‌.
سه‌رۆك بایدن له‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020ـی ئەمەریکا به‌ڵێنی دابوو، هه‌ركه‌سێك داهاتی ساڵانەی لە 75 هەزار دۆلار کەمتر بێت، جگە لەو 600 دۆلارەی پێشتر وەکو هاوکاری وەریدەگرت، 1400 دۆلاری دیکەشی پێ بدرێت. هەر خێزانێکیش داهاتی ساڵانەی لە 150 هەزار دۆلار کەمتر بێت، 4000 هەزار دۆلاری پێده‌به‌خشرێت

No comments: