Archive

Friday, February 19, 2021

سه‌رۆكی ئه‌مریكا هیواخوازه‌ تاكوو كۆتایی ساڵ دۆخه‌كه‌ ئاسایی بێته‌وه‌



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن


 سه‌رۆك بایده‌ن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤێزیۆنی سی ئێن ئێن دا، له‌ شاری میلواكی ولایه‌تی ویسكانسێن، كه‌ تێیدا كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵك به‌شدار بوون و سه‌رۆك وڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دانه‌وه‌،له‌ وڵامی پرسیارێدا ده‌رباره‌ی ئاسایی بوونه‌وه‌ی ژیان، سه‌رۆك هیوای خواست به‌ پشتیوانی خوا تاكوو كریسمه‌س بارودۆخه‌كه‌ باشتر ده‌بێ و ئه‌و دۆخه‌ی كۆرۆنا سازی كردوه‌، ئاسایی ده‌بێته‌وه‌. سه‌رۆك له‌م بازنه‌دا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و له‌م به‌ستێنه‌دا ناخوازێ به‌ڵێنی زیاتر بدات.

له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، بایده‌ن ده‌رباره‌ی ئاستی پێویستی ڤاكسێنی كۆرۆنا بۆ خه‌ڵكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "من دڵنیام تاكوو كۆتایی مانگی 7، بڕی 600 میلیۆن  ڤاكسێنی كۆرۆنا بۆ سه‌رجه‌م ئه‌مریكاییه‌كان به‌رده‌ست ده‌بێت. كاتێك ده‌ست به‌ كاربووم ئه‌و ژوماره‌یه‌ ته‌نیا بۆ 50 میلیۆن كه‌س به‌رده‌ست بوو."

له‌ پاڵ ئه‌مانه‌دا، ئه‌مرۆ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای كرد به‌رنامه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ کوتانی ڤاکسینی كۆرۆنا كردو له‌م باره‌وه‌ وتی: "جیهان دەستبەجێ پێویستی بە به‌رنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کوتانی ڤاکسینی كۆرۆنا هەیە، بۆ ئەمه‌ش ده‌بێ بتوانیین هەموو توانا، شارەزایی زانست و بەرهەمهێنان، هه‌روه‌ها توانا داراییەکان وه‌سه‌ریه‌ك بخه‌ین. پێویسته‌ ئێمه به‌ زووترین كات‌ له‌وه‌ دڵنیابینه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو جێگایه‌ك گشت كه‌س دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بكوترێن."


پەتای كۆرۆنا لە مانگی دیسەمبەری 2019 لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا، تا ئێستا لە ئه‌مریكا 28 میلیۆن و  216  هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و له‌م نێوه‌دا، 496 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. له‌ ئاستی جیهانییش دا، نزیكه‌ی 110 ملیۆن 50 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و پتر لە  2 میلیۆن و 430 هەزار كەسیش بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.

No comments: