Archive

Sunday, July 5, 2020

به‌هۆی كۆرۆنا ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێی "11ی سێپته‌مبه‌رێكی د‌یكه‌" ده‌كات

تاكو ئێستا له‌ ویلایه‌تی نیویۆرك، پتر له‌ 123 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، نزیك به‌ 5 هه‌زار كه‌سیش مردوون. ته‌نها رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، واته‌ دوێنێ پتر له‌ 7 هه‌زار و 300 كه‌س‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و له‌م نێوه‌دا، 600 كه‌سیان گیانیان له‌ ده‌ستدا داوه‌.

هاوكات به‌ گوێره‌ی دوایین داتاكان، ژماره‌ و رێژه‌ی گیرۆده‌بووان و مردن له‌ ویلایه‌ته‌كانی کۆلۆرادۆ، پێنسلڤانیا، واشنتن، میشیگان و لویزیانا بە هۆی ڤایرۆسەکەوە زیادی كردووه، ئه‌مه‌ش دڵه‌ڕاوكێی ده‌سه‌ڵاتداران و  نیگه‌رانی جددی پسپۆره په‌یوه‌ندیداره‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئاندرو کومۆ، شاره‌داری نیویۆرك، ئاشكرای كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی 24  کاتژمێری ڕابردوودا ئەو کەسانەی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، له‌ چاو رۆژی رابردوو لە سەدا 50 كه‌میكردووه، ناوبراو له‌ درێژه‌دا وتی كه‌ پێویسته‌ 2 تاكو 3 رۆژی دیكه‌ چاوه‌ڕوان بین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چی دیكه‌ روو ده‌دات و كێشه‌كه‌ به‌ چ بارێكدا ده‌كه‌وێ.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ د. ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی نەخۆشییە گوازراوەکان و ئه‌ندامی تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ کەناڵی سی بی ئێس راگەیاند ئه‌گه‌ر‌ نه‌توانرێت له‌ ئاستی جیهاندا بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا زاڵ ببن، له‌وانه‌یه‌‌ ڤایرۆسەکە سرووشتێکی وەرزی وەربگرێت و ساڵی داهاتووش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.

د. فاوچی پێیوایە له‌م ساڵدا ئه‌سته‌مه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بنبڕ بكرێت.

د. ئەنتۆنی گوتی: "لە ئێستاوە به‌ جددی تێده‌كۆشین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ سه‌ریهه‌ڵدایەوه‌، ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بین،  هه‌وڵده‌ده‌ن پێکوتە له‌ دژی ڤایرۆسه‌كه‌ بدۆزینه‌وه‌".

له‌ پاڵ ئه‌مانه‌دا، جیرۆم ئادامس پزیشكی نەشتەرگەریی گشتیی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگه‌یاند، كاته‌ قورس و دژواره‌كان به‌رده‌وامن و وتی: "ئه‌م ھه‌فته‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان قورسترین و خه‌مبارترین ھه‌فته‌ ده‌بێ، ئه‌م ھه‌فته‌یه‌ وه‌كو پیرڵ هاربه‌ر و 11ی سێپته‌مبه‌ر ده‌بێ، جیاوازییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، ته‌نیا له‌ شوێنێك نابێ و له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات دا روو ده‌دات، ده‌خوازم هاووڵاتیان له‌مه‌ تێبگه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ھەموومان پێكه‌وه‌ لە 30 رۆژی داهاتوودا پابەندی رێنماییەكان بین، هیوایه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن هه‌یه‌".

تاكو ئێستا لە ئەمریکا 336 هەزارو 851 کەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و له‌و نێوه‌ش دا، 17977 كەس چاكبوونەتەوە و 9 هەزار و 620 کەسیش گیانیان لە ده‌ستداوه‌.

No comments: