Archive

Tuesday, July 21, 2020

دوایین رێبه‌ری مافی مه‌ده‌نیی ره‌شپێسته‌كان كۆچی دواییكرد



دوایین رێبه‌ری جوڵانه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی ئه‌مەریكا، به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ شاری ئه‌تلانتا پایته‌ختی ولایه‌تی جۆرجیا، له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.

جۆن لوێیس یەکێک بوو لەو شەش رەشپێستەی ئەمەریکا کە لە ساڵی1963ـدا لەگەڵ مارتن لوسه‌ر كینگ، رێبه‌ری جوڵانه‌وه‌ی مافی مه‌ده‌نیی ره‌شپێسته‌كان، سەرکردایەتی خۆپیشاندانە بەنێوبانگەکەی شاری واشنتنیان کرد كه‌ ناوی "رێپێوان به‌ره‌و واشنتن"ـی لێنرابوو.

له‌و خۆپیشاندانه‌دا مارتین لوسەر ‌كینگ، وتاره‌ به‌ناوبانگ و مێژووییه‌كه‌ی خۆی به‌ ناوی "خەونێکم هەیە"، پێشكه‌ش كرد لەدژی رەگەزپەرستی و بەهۆیەوە خەباتەکەی سەرکەوت.

لویس له‌کاتی ئەو خۆپیشاندانە مێژووییەدا تەمەنی تەنیا 23 ساڵ بوو و سەرەڕای ئەوەی گه‌نجترین رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بوو، ئەویش وتاری پێشکەش کرد.





پێنج كه‌سی دیكه‌ له‌ رێبه‌رانی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ پێکهاتوون لە: مارتن لوسەر کینگ، جه‌یمز فارمه‌ر، فیلیپ رۆناڵدف، رۆیی ویڵکنز و ویتنی یانگ. ‌جۆن لویس دوایین كه‌س بوو له‌و گرووپه‌دا‌ له‌ ژیان مابێت، کە لە 17-7-2020 کۆچی دوایی کرد.

جۆن لویس، یه‌كه‌مجار لە ساڵی 1981 بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری ئەتلانتای ولایه‌تی جۆرجیا هەڵبژێردرا. دواتر له‌ ساڵی 1986 خۆی بۆ كۆنگرێس پاڵاوت و 17 خوولی له‌سه‌ر یه‌ك، واتا‌ ماوه‌ی 34 ساڵ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بوو.

جگە لەوانە، لویس پشتیوانی گەلی کورد بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. ناوبراو ئەو پەیامەی بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە: "په‌یامه‌كه‌ی من زۆر ساده‌یه‌، كاتێك شتێك ده‌بینن و پێتان وایه‌ ناڕاسته‌، داپه‌روه‌رانه‌ نییه‌، ویژدانی تێدا نییه‌، شتێك بڵێن، كارێك بكه‌ن، لەبەرامبەریدا راوه‌ستن و ده‌نگهه‌ڵبڕن، به‌م چه‌شنه‌ ئازایه‌تی و بوێری نیشان بده‌ن و هه‌رگیز خۆتان بەدەستەوە مەدەن. له‌ تێكۆشان به‌رده‌وام بن و به‌م جۆره‌ سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن...".

#مسته‌ر_كورد

No comments: