گوشاره‌كانی واشنگتن دژی په‌كین په‌ره‌ی گرتوه.
ره‌حیم ره‌شیدی\ واشگنتن
رۆژی یه‌كشه‌ممه، تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ری فۆکس نیوز، بۆ جارێكی دیكه ده‌رباره‌ی چین قسه‌ی كرد‌و ئه‌و وڵاته‌ی سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاوانبار كرد. تره‌مپ وتی: "چین دەیتوانی به‌ر به بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرێت."
هه‌روه‌ها تره‌مپ دیسان ئه‌وه‌ی به بیر هێنایه‌وه كه ره‌نگه واشنگتن گشت پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌كین ڕابگرێت.
کۆشکی سپی هەڕەشەی سزا و گه‌مارۆ سەپاندن به‌سه‌ر چین دا دەکات. واشنتن، پەكین به‌وه تۆمەتبار دەکات، رێگای داوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو ببێتەوە و زانیارییەکانی لەو بارەوە شاردۆته‌وه. تره‌مپ پێی وایه پچرانی گشت پەیوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتی چین وا ده‌كات ئه‌مەریكا بڕی ٥٠٠ ملیار دۆلار قازانج بكات.
هه‌ر له‌م به‌ستێنه‌دا، مایك پومپئۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رۆژی یه‌كشه‌ممه له رێگای به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه بۆ جارێكی دیكه‌ش پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ دورگه‌ی خودموختاری هۆنگ كۆنگ دووپات كرده‌وه‌و رایگه‌یاند كه گوشاره‌كان بۆسه‌ر ئه‌و هه‌رێمه له لایه‌ن چینه‌وه ده‌توانێ كاردانه‌وه‌ی ئه‌مریكای به‌داوه بێ.
هۆنگ كۆنگ، پتر له ٧ میلیۆن حه‌شیمه‌تی هه‌یه‌و یه‌كێك له دورگه هه‌ر به‌ناوبانگه‌كانی بازرگانی جیهانه، له ساڵی ١٨٤٢ تاكوو ١٩٩٧ له لایه‌ن بریتانیاوه داگیركرابوو، به‌ڵام ساڵی ١٩٩٧به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی درایه‌وه ده‌ست چین، له‌و كاته‌وه خاوه‌ن خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریه‌كی به‌هێزه له ژێر ناوی"یه‌ك وڵات، دوو سیسته‌م"، به‌ڵام خه‌ڵكی شاره‌كه پێیان وایه كه حیزبی كۆمۆنیستی چین هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌وڵی به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی مافه‌كانی خۆبه‌رێوه‌به‌ری ئه‌و دورگه‌یه ده‌دات.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا سه‌باره‌ت به ئازادی به‌یان له وڵاتی چین هاتوه: "رۆژنامه‌وانه‌كان به‌شێك له مێدیای ئازادن، ئه‌وان كادری پڕوپاگه‌نده نین، به‌ڵكو به هه‌واڵ و راپۆرته پڕ بایه‌خاكانیان زانیاری به خه‌ڵكی چین و جیهان ده‌گه‌یه‌نن."
No comments:
Post a Comment