له ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا، رێژه‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پێنج ویلایه‌تی ئه‌مەریكا، بەرزترین ئاستی تۆمار كردوه. ئه‌م ره‌وته‌ش وای كرد مایك پێنس جێگری سەرۆکی وڵات، لە ویلایەتەکانی باشوور و رۆژئاوای ئه‌مەریكا به‌رنامه‌كه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020 هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، له ولایه‌تی فلۆریدا، 9 هەزارو 585 حاڵەتی تووشبوون به كۆرۆنا تۆمار كراوه. هه‌روه‌ها لە ویلایه‌تی ئەریزۆناش 3 هەزارو 591 حاڵەتی تووشبوون ناویان تۆمار كراوه كه پاش پشكنین ده‌ركه‌وتوه تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون.
ئه‌م دۆخه‌ش وای كردوه ستافی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژرادنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مەریكا، بڕیار بده‌ن كۆی به‌رنامه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژرادن له ولایه‌ته‌كانی فلۆریدا و ئاریزۆنا هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه كه بۆ مایك پێنس رێكخرابوو.
دواین داتاكان ئه‌وه پیشان ده‌ده‌ن رۆژ به رۆژ رێژه‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا له ویلایەته‌كانی نێڤادا، کارۆلاینای باشوور و جۆرجیا ته‌شه‌نه ده‌كات. ته‌نیا له ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا زێده‌تر له 40 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون.
لەم دواییەدا ولایه‌ته‌كانی فلۆریدا و تێکساس، زۆرترین رێژه‌ی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تێیاندا تۆمار كراوه. ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، تا راده‌یه‌ك بازاڕ و شوێنە گشتییەکان كرابوونه‌وه.
ئێستا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پتری ڤایرۆسەکە، سه‌ر له‌نوێ لە چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیێندراوەتەوە.
د. ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نیشتمانی بۆ نه‌خۆشیه گوازراوه‌كان رایگەیاند، وڵاتەکەیان رووبەرووی کێشەیەکی جددی بووەتەوە.
هه‌ر بۆیه د. ڤاوچی هۆشداریی داوه‌ته سەرکردایەتیی وڵات و پێی وتوون، کردنەوەی خێرای دووكان و بازاڕەکان زۆر زووە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش پابەند نه‌بوونی خه‌ڵك به رێنماییەکانی خۆپارێزیی وای كردووه رێژه‌ی تووشبووان زۆرتر بێ.
تاكو ئێستا له ئەمه‌ریکا، رێژه‌ی تووشبووان له 2 ملیۆن و 591 هەزار کەس تێپه‌ڕیوه، هه‌روه‌ها زیاتر له 128 هه‌زار كه‌سیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.
No comments:
Post a Comment