Archive

Sunday, July 5, 2020

ترەمپ.. مانگی داهاتوو ده‌رمانی دژه‌ كۆرۆنا له‌ ئه‌مەریكا به‌رده‌ست ده‌بێ

رۆژی دووشه‌ممه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌ هەوڵەكانی بۆ لەناوبردنیڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وام ده‌بێت.

تره‌مپ له‌ ده‌سپێكی قسه‌كانیدا هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی بەریتانیا خواست، كه‌ به‌ هۆی تووشبوونی به ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا، ره‌وانه‌ی‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی له‌نده‌نی پایته‌ختی وڵاتەكەی كراوه‌ و له‌ ژێر چاودێری چڕی پزیشكی دایه‌.

هەروەها تره‌مپ جۆنسنی به‌‌ هاورێیه‌كی باشی خۆی ناوبرد.

سەرۆكی ئەمەریكا له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ قسه‌وباسێكی باش و كاریگه‌ری له‌گه‌ڵ جۆ بایدن، به‌ربژێری دێموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژرادنی سه‌رۆكایه‌تی 2020 كردوه‌، بۆ ئەوەی بەیەكەوە‌ له‌م دۆخه‌ دژواره‌دا هاوكار بن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشكراشی كرد،‌ وڵاتەكه‌ی پله‌ی یه‌كه‌می له‌ پشكنیندا هه‌یه‌ و تا ئێستا یه‌ك ملیۆن و 790 هه‌زار پشكنینیان بۆ گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كردوه‌.

تره‌مپ هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، كه‌ حكومەتی فیدراڵ تا ئێستا 3 هه‌زار كادری ده‌رمانی بۆ ناوچه‌ جیاوازەكان ناردوه‌ و زیاتر له‌ 8 هه‌زار قەرەوێلەی نه‌خۆشخانه‌ و 8 هه‌زار ده‌زگای هه‌ناسه‌دانی ده‌سكردیشیان ئاماده‌كردوه و لەگەڵ میلیۆنان ده‌مامك و كه‌لوپه‌لی پێویستیان بۆ ویلایه‌ته‌كان ناردوه‌.

ترەمپ له‌باری دۆخی قه‌یراناوی ویلایه‌ته‌كانی نیویۆرك و نیوجێرسی، گوتی: "ئێمه‌ درێژه‌ به‌ ناردنی هاوكارییه‌كانمان بۆ نیویۆرك و نیوجێرسی ده‌ده‌ین، كه‌ دوو شوێنی قه‌یراناوین و هه‌ر دوو ویلایه‌ته‌كه‌ له‌ پاپۆری سپا كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، كه‌ بۆ نیویۆرك نێردراوه."

له‌ پاڵ ئه‌مانه‌دا، ئه‌ندرۆ كۆمو، شاره‌داری نیویۆرك، داخستنی شوێنه‌ گشتییه‌كان و قوتابخانه‌ و خوێندنگەكانی شاره‌كه‌ی تا كۆتایی مانگی 4 درێژ كرده‌وه‌.

شاره‌داری نیویۆرك رایگه‌یاند،‌ ماوه‌ی 2 رۆژه‌، رێژەی ئەوانەی بە کۆڤید 19 گیانیان لە دەستداوە، له‌ چاو رۆژانی رابردوو كه‌می كردوه‌. كۆمو دووپاتی كردەوە،‌ هه‌ر كه‌سێك سەرپێچی رێنماییه‌كان بكات،‌ به‌ بڕی 500  تا هەزار دۆلار سزا ده‌درێت.

ئه‌ندرۆ كۆمو جەختی كرده‌وه، هێشتا کاتی ئەوە نییە رەوشەکە ئاسایی بكرێته‌وه‌، باسی له‌وەش‌ كرد،‌ رێنمایه‌كان وای كردوه‌ ئه‌وان بتوانن دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و گوتیشی:‌ سزا له‌سه‌ر سه‌رپێچیكاران زیاد ده‌كه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی كۆشكی سپیدا، ئه‌وش راگه‌یه‌ندرا، كه‌ له‌ ژێر‌ چاو‌دێری بونیاد و دامه‌زراوه‌ پەیوەندیدارەكاندا، لەوانەش رێكخراوی خۆراك، ده‌رمان، ناوه‌ندی كۆنترۆڵ و پێشگرتن له‌ نه‌خۆشییه‌كان، تاقیكاری بۆ ده‌رمانی دژه‌ كۆرۆنا ده‌كرێت و ده‌رمانەكه‌ له‌ مانگی داهاتوودا له‌ ئه‌مەریكا بۆ نه‌خۆشه‌كان به‌رده‌ست ده‌بێ.

تا ئێستا له‌ ویلایه‌تی نیویۆرك 131 هه‌زارو 815 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و 4 هەزار و 758 كه‌سیش بەهۆی پەتاكەوە مردوون و  له‌ نیوجێرسی 41 هه‌زار و 100 كه‌س تووشی پەتاكە بوون و زیاتر له‌ هەزار كه‌سیش مردوون. به‌م جۆره‌ تا ئێستا له‌ ئه‌مەریكا ویلایه‌ته‌كانی نیویۆرك و نیوجێرسی، لە رێژەی تووشبوون و مردن به‌ هۆی كۆرۆناوه‌، له‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مدا جێده‌گرن.

تا ئاماده‌ كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌، له‌ ئه‌مەریكا 36 هه‌زار و 243 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر له‌ 20 هه‌زار كه‌س چاكبوونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ 11 هه‌زار كه‌سیش گیانیان لەدەستداوە.


No comments: