ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، له نوێترین هه‌ڵوێستی دا بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرنا راگه‌یاند: "بۆ 12 مانگی داهاتوو، به مه‌به‌ستی پێشخستنی پرۆسه‌ی تاقیكارییه‌كان و سازكردنی ده‌رمان و ڤاكسێنی دژه كۆرۆنا، پێویستیان به 31 میلیارد‌و 300 میلیۆن دۆلار هەیە."
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوه‌كه، تاكوو ئێستا بڕی 3 میلیارد‌و 400 میلیۆن دۆلار كۆكراوه‌ته‌وه. به‌م پێیه هێشتاش 27 میلیارو 900 میلیۆن دۆلار كه‌مه. رێكخراوه‌كه باسی له‌وه‌ش كردوه كه به په‌له بڕی 13 میلیارد‌و 700 میلیۆن دۆلار پێویسته.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، وێرای كۆمپانیا‌و ڕێکخراوەكانی ساز كردنی دەرمان، له مانگی 4ی ئه‌مساڵدا، به ئامانجی پێشخستنی پرۆسه‌ی توێژینه‌وه بۆ دیتنه‌وه‌ی ده‌رمان و ڤاكسێنی كۆرۆنا، ناوه‌ندێكان به ناوی (ACT-Accelerator) پێکهێناوه. چوونكه له روانگه‌ی رێكخراوكه‌وه كۆڤید19 مه‌ترسییه بۆسه‌ر ژیان و گیانی به میلیۆنان مرۆڤ له جیهان و یارمه‌تی ده‌كات به روخانی ئابوری.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بۆ ئه‌وه تێده‌كۆشێ كه تاكوو نێوه‌راستی ساڵی داهاتوو، 500 میلیۆن تاقیکردنەوەو 245 میلیۆن خولی چارەسەر کردن له وڵاتانی هەژارو كه‌مداهات به‌رێوه‌به‌رێت.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌ك له رێكخراوه‌ی ته‌ندروستی جیهانی ئاشكرای كردوه له گشت جیهان چەند کۆمپانیایەك بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، شێلگیرانه ململانێی یه‌كتر ده‌كه‌ن، له‌و نێوه‌دا کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکا كاره‌كانی به‌رچاوه، بەڵام پێشكه‌وتوتریین کۆمپانیا ئەسترازینیکای بریتانیایه كه له پرۆسه‌كه‌دا زۆر چۆته‌پێش. هه‌ر بۆیه ئەگەری ئه‌وه له ئارادایه كه له ئاكامدا ڤاكسێنی دژه كۆرۆنای، کۆمپانیای ئەسترازینیکا، متمانەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی به ده‌ست بهێنێت.
پێشتر سه‌رۆكی ئه‌مریكا ره‌خنه‌ی توندی له رێكخراوی جیهانی ته‌ندروستی گرت و به ناوه‌ندێكی شكسخواردی وه‌سف كرد. تره‌مپ داوای له ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد كه به‌شه بوجه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ببڕن.
تره‌مپ به زمانێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز ده‌رباره‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی قسه‌ی كرد‌و وتی: "زۆرترین به‌شه بودجەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێمه دابینی دەکەین، بەڵام کاتێک من قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و گه‌شته‌كانم راگه‌یاند، ئه‌وان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە ده‌ستپێكیشه‌وه وه‌كو پێویست بۆ پێش‌گرتن به بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كاریان نه‌كردووه. ئه‌وان هه‌ر له سەرەتاوه زۆر زانیاریه‌یان هه‌بوو، بەڵام هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌نا. سەرەڕای ئەوەی بەشی هه‌ره زۆری بوجه‌كه‌یان ئێمە دەیدەین، وا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌وان له چین نزیک بن."
ساڵی 2019 وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری به رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌خشیوه‌و ئه‌م بڕه پاره‌یه ده‌كاته 15% كۆی بوجه‌ی رێكخراوه.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه ساڵی پار وڵاتی چین ته‌نیا بڕی 76 ملیۆن دۆلار هاوكاری دارایی ئه‌و رێكخراوه‌ی كردوه.
سه‌ره‌رای ناكۆكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، لێ به گوێره‌ی داتاكانی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، واشنگتن له ریزی پێشه‌وه‌ی پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی بۆ شه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنایه.
تاكوو ئێستا ئه‌مریكا پتر له 428 ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بە وڵاتان کردووە.
هه‌روه‌ها زیاتر له 462 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی مرۆڤدۆستانه‌ی بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه دابینکراوە.
له‌پال ئه‌مانه‌دا، ئه‌مریكا زێده‌تر له 204 ملیۆن دۆلاری بۆ سندوقی داكۆكی ئابووری بۆ خێراتركردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا ته‌رخان کردووە.
له لایه‌كی دیكه‌وه، 173 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی داوەتە ئەو په‌نابه‌رانه كه له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنادان.
پێشتر له نیوه‌ی دووهه‌می مانگی 3دا، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له كۆشكی سپی، ئاشكرای كرد بڕی 10 میلیار دۆلاری بۆ توێژینه‌وه‌ی پزیشكی به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌رخان كردووه.
هه‌روه‌ها تره‌مپ، تیمێكی نوێی سه‌ر به كۆشكی سپی به ناوی "چالاكی تایبه‌تی خێرا" ناساند و ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و گرووپه‌ی به "خۆبه‌خشی گرووپێكی زانستی و پیشه‌یی بێوێنه" ناوبرد.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هیوای خواست به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆڤید-19 له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رده‌ست بێ و له‌م باره‌وه وتی: "ئێمه نه‌ك ته‌نیا له نێوخۆی وڵات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دۆست و هاوبه‌شه‌كانمان له جیهاندا، پێكه‌وه هاوكاری نزیك ده‌كه‌ین".
تره‌مپ باسی له‌وه‌شكرد كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پتر له 100 تاقیكردنه‌وه‌ی دروستكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاوكاری ده‌كه‌ن. دامه‌زراوه‌ی خۆراك و ده‌رمانیش پتر له 130 پلانی بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی چالاكی له‌م بازنه‌دا په‌سه‌ند كردووه.
د. ئه‌نتۆنی فاوچی، سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و ئه‌ندامی كارای تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له لێدوانی‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مەریكا، رایگه‌یاند گه‌شبینه به‌وه‌ی له داهاتوویه‌كی نزیكدا ڤاكسینی كۆرۆنا به‌رده‌ست بێ و هه‌روه‌ها ژیان به‌ره‌به‌ره بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی ئاسایی خۆی. به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی د. فاوچی ئه‌و تاقیكاریانه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ و ئاژه‌ڵ كراون بۆ دیتنه‌وه‌ی ڤاكسێنكه، هیوابه‌خشه.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌سه‌ره‌تای پاییزی ئه‌مساڵ دا ڤاكسێنی دژه كۆرۆنا به‌رده‌ست بێ.
[3:08 AM, 6/27/2020] Mr. Kurd:
No comments:
Post a Comment