Archive

Sunday, July 5, 2020

تره‌مپ یاساكه‌ی بۆ چاكسازی له‌ سیسته‌می پۆلیسدا واژۆ كرد

رۆژی سێشەممە، رێكه‌وتی 16ی ئه‌م مانگه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی ویلیام بار، وه‌زیری داد، میچ مه‌كانڵ، سه‌رۆكی زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی دیكه‌ی كۆنگرێس و كۆمه‌ڵێك ئەفسەر و بەرپـرسانی پـۆلیس، پرۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ سیسته‌می پۆلیسی وڵاته‌كه‌ی واژۆ كرد.

 تره‌مپ به‌ر له‌ واژۆ كردنی یاساكه‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ رایگه‌یاند: "بنكه‌كانی پـۆلیس ده‌بێت به‌ ته‌واوه‌تی پابەندی یاسا و رێساکان بن و بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانه‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان راپه‌ڕێنن. له‌‌ دووتوێی یاساكه‌دا هاتوه‌،‌ دانانی ئەژنۆ لەسەر مل نابێت بەکاربهێنرێت تەنیا لە كاتێكدا نه‌بێ کە گیانی پـۆلیس لە مەترسی دابێت. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌‌ ده‌بێ پۆلیس سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی هێز راهێنانی چریان پێبكرێت".

تره‌مپ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا رەخنەی لە باراك ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئه‌مریكا و جۆ بایدنی جێگره‌كه‌ی گرت، كه‌ هەرگیز هەوڵیان نەدابوو چاکسازی لە سیسته‌می پـۆلیسدا بکەن. تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌سوكاری ئه‌حمود ئاربه‌ری بینیوه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له‌ ولایه‌تی جۆرجیا له‌ لایه‌ن دوو سپی پێسته‌وه‌ كوژاربوو. تره‌مپ ئاشكراشیكرد، ‌كۆمه‌ڵێك بنه‌ماڵه‌ی دیكه‌ی‌ بینیون كه‌ به‌ هۆی توندوتیژی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ كه‌سوكاریان له‌ ده‌ستداوه‌ و به‌ڵێنی پێداون، هه‌وڵ بۆ باشتر بوونی دۆخه‌كه‌ ده‌دات.

رۆژی 25ی مانگی رابردوو، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی – ئه‌فریقی به‌ناوی جۆرج فلۆید ته‌مه‌ن 46 ساڵ، له ‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه‌ له ‌شاری مینیئاپۆلس گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا، ده‌ستگیر كرا. ناوبراو له ‌كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له ‌ژێر ئه‌ژنۆی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس، به‌ ناوی دیریك شۆڤین گیانی له ‌ده‌ستدا.

بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه‌، كه‌ پۆلیسێكی ئه‌مه‌ریكی ئه‌ژنۆی ناوه‌ته‌ سه‌ر ملی هاووڵاتییه‌ ره‌شپێسته‌كه ‌و له‌ ژێر ئه‌ژنۆیدا ده‌بوورێته‌وه، دواتر گیان له‌ ده‌ست ده‌دات‌، دواتر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 2 هه‌فته‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی شه‌قامی‌‌ زیاتر له‌ 200 شاری ئه‌مه‌ریكا و زۆر وڵاتی دیكه‌ی ته‌نی و ئه‌و ره‌فتاره‌ی پۆلیسی ئه‌مه‌ریكایان به‌ توندی شه‌رمه‌زار كرد.

ئه‌و رووداوه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ گشت ره‌نگ و ئایینه‌كان به‌ تێكڕا داوای دادپه‌روه‌ری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس له‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.

هه‌روه‌ها ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ر له‌ ئێستا ریچارد برۆکس، ره‌شپێستێكی دیكه‌ له‌ به‌ ته‌قه‌ی پۆلیسی شاری ئه‌تلانتا له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا كوژرا‌.

له‌ كاتێكدا پۆلیس خه‌ریكی ئه‌وه‌ بوون، كه‌ پشكنین بۆ برۆكس بكه‌ن تاوه‌كو دڵنیا بن كه‌ سه‌رخۆشه‌ یان نا، له‌و كاته‌دا ناوبراو له‌ده‌ستیان راكرد و، دواتر پۆلیس لە پشتەوە تەقەی لێ كرد و كوشتییان.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کوشتنی ریشارد برۆكسی ره‌شپێست، خۆپیشاندان لە شاری ئاتلانتا ده‌ستیپێكرد و به‌و هۆیه‌وه‌ بەڕێوەبەری پۆلیسی شار دەستی لە کار کێشایەوە.

زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ پشت راست ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ئه‌مریكا ساڵانە نزیکەی ١٠٠٠ کەسی مه‌ده‌نی بە دەستی پـۆلیس دەکوژرێن و ده‌یان پۆلیسیش له‌ كاتی به‌رێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانیان ده‌كوژرێن.

No comments: