Archive

Sunday, July 5, 2020

لێكه‌وته‌كانی كوشتنی ره‌شپێسته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ به‌رده‌وامن‌

ئەنجوومەنی شاری نیویۆرك له‌ رێگای كۆری جۆنسۆن، گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشكرای كرد، پڕۆژە یاسایاكه‌یان په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ پۆلیسی شاره‌كه‌ ناچار ده‌كات له‌ ماوه‌ی ١٨٠ رۆژدا لیستی ئەو كه‌له‌وپه‌ل و ئامێرانه‌ ئاشكرا بكه‌ن كه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاودێری کردن له‌ شاره‌كه‌ كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرن، ده‌بێ ئه‌وه‌ش روون بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ چ كاریگه‌ریه‌كیان له‌سه‌ر دانیشتوانی شاره‌كه‌ هه‌یه‌.

ڤانێسا گیبسن، یه‌كێك له‌ ئەندامی ئەنجوومەنی شاری نیویۆرك‌ کە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە كردوه‌، به‌ر له‌ دەنگدان بۆ پرۆژه‌كه‌ گوتی: "ئەمە ده‌رفه‌تێكه‌‌ بۆ شاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خەڵکی نیویۆرك بزانن پۆلیسی شاره‌كه‌ چی بەکار دەهێنن، چۆن بەکاری دەهێنن و چ كه‌سانێك بەکاری دەهێنن".

له‌ ئه‌مه‌ریكا، پۆلیسی شاری نیویۆرك مه‌زنترین هێزه‌ كه‌ خاوه‌ن هێزێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشه‌.

سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرك (بێڵ بیلاسیۆ) کە پێشتر دژایەتی پڕۆژە یاساکەی دەکرد راگه‌یاند‌، پڕۆژەکە پەسەند دەکات تاوه‌كو ببێتە یاسا و بچێته‌ بواری جێبه‌جێ كردن‌.

له‌ ویلایه‌تی نیویۆرك دێموكراته‌كان باڵاده‌ستن و پرۆژه‌ یاساكه‌ به‌ 44 ده‌نگی به‌ڵێ، به‌رامبه‌ر‌ 6 ده‌نگی نه‌خێر، په‌سه‌ند كرا.

له‌ 12ی ئه‌م مانگه‌ به‌رپرسانی ئه‌نجوومه‌نی نیویۆرك بڕیاریدا، بڕی ١ ملیار دۆلار له‌ بودجه‌ی پۆلیس كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ و 7 ئه‌ندامی دیكه‌‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا گوتبوویان: "له‌و باوه‌ڕه‌داین،‌‌ پێویسته له‌ بوجه‌ی ساڵی 2021 نیویۆرك‌ بڕی 1 ملیار دۆلار كه‌م بكه‌ینه‌وه‌".

رۆژی سێشەممەش، رێكه‌وتی 16ی ئه‌م مانگه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی ویلیام بار، وه‌زیری داد، میچ مه‌كانڵ، سه‌رۆكی زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی دیكه‌ی كۆنگرێس و كۆمه‌ڵێك ئەفسەر و بەرپرسانی پـۆلیس، پرۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ سیسته‌می پۆلیسی وڵاته‌كه‌ی واژۆ كرد.

تره‌مپ به‌‌ر له‌ واژۆكردنی یاساكه‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ رایگه‌یاند: "بنكه‌كانی پـۆلیس ده‌بێت به‌ ته‌واوه‌تی پابەندی یاسا و رێساکان بن، بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانه‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان راپه‌ڕێنن. له‌‌ دووتوێی یاساكه‌دا هاتوه‌،‌ دانانی ئەژنۆ لەسەر مل نابێت بەکاربهێنرێت تەنیا لە كاتێكدا نه‌بێ کە گیانی پـۆلیس لە مەترسی دابێت. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌‌، ده‌بێ پۆلیس سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی هێز راهێنانی چڕیان پێبكرێت".

25ی مانگی رابردوو، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی – ئه‌فریقی به‌ناوی جۆرج فلۆید ته‌مه‌ن 46 ساڵ، له ‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه‌ له ‌شاری مینیئاپۆلس گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا، ده‌ستگیر كرا. ناوبراو له ‌كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له ‌ژێر ئه‌ژنۆی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس، به‌ ناوی دیریك شۆڤین گیانی له ‌ده‌ستدا.

بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه‌، كه‌ پۆلیسێكی ئه‌مه‌ریكی ئه‌ژنۆی ناوه‌ته‌ سه‌ر ملی هاووڵاتییه‌ ره‌شپێسته‌كه ‌و له‌ ژێر ئه‌ژنۆیدا ده‌بوورێته‌وه، دواتر گیان له‌ ده‌ست ده‌دات‌، دواتر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢ هه‌فته‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی شه‌قامی‌‌ زیاتر له‌ 200 شاری ئه‌مه‌ریكا و زۆر وڵاتی دیكه‌ی ته‌نی و ئه‌و ره‌فتاره‌ی پۆلیسی ئه‌مه‌ریكایان به‌ توندی شه‌رمه‌زار كرد.

ئه‌و رووداوه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ گشت ره‌نگ و ئایینه‌كان به‌ تێكڕا داوای دادپه‌روه‌ری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس له‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.

بە پێی ئامارەکان ساڵانە پتر له‌ 1000 کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا بە دەست پۆلیس دەکوژرێن، بەڵام لە  99% ئەو  رووداوانه‌ پۆلیسەکان بە تۆمەتی کوشتن تاوانبار ناکرێن. بەڵام ئەم جارە جیاواز لە جارەکانی پێشوو کەیسی  گیان لە دەستدانی رەشپێستەکەی ئەمه‌ریکا بە فەرمیی و بە یاسایی بە تاوانی کوشتن ئەژمارکرا، ئەو ئەفسەرە پۆلیسەی ئەژنۆی خستبووە سەر ملی ره‌شپێسته‌كه‌ بە تاوانی کوشتنی پلە دوو دادگایی كرا و هەرسێ ئەفسەرەکەی دیکەش کە لە کاتی رووداوەکەدا ئامادە بوون، بە تاوانی جیاواز دادگایی كراون له‌ بواری ماڵییه‌وه‌ به‌ یه‌ك میلیۆن دۆلار سزا دران.

هه‌روه‌ها رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ ریچارد برۆکس، ره‌شپێستێكی دیكه‌ له‌ به‌ ته‌قه‌ی پۆلیسی شاری ئه‌تلانتا له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا كوژرا‌.

له‌ كاتێكدا پۆلیس خه‌ریكی ئه‌وه‌ بوون، كه‌ پشكنین بۆ برۆكس بكه‌ن تاوه‌كو دڵنیا بن كه‌ سه‌رخۆشه‌ یان نا، له‌و كاته‌دا ناوبراو له‌ده‌ستیان راكرد و، دواتر پۆلیس لە پشتەوە تەقەی لێ كرد و كوشتیان.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کوشتنی ریشارد برۆكسی ره‌شپێست، خۆپیشاندان لە شاری ئاتلانتا ده‌ستیپێكرد و به‌و هۆیه‌وه‌ بەڕێوەبەری پۆلیسی شار دەستی لە کار کێشایەوە.

No comments: