Archive

Sunday, July 5, 2020

كۆرۆنا كێشه‌كانی ترەمپ قوڵتر دەكاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مەریكا پێی وایە كە دەبێ‌ بە قۆناغ بارودۆخی وڵاتەكەی ئاسایی بكرێته‌وه‌، هیواخوازیشه‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن.

به‌شێك له‌ ولایه‌ته‌كانی ئه‌مەریكا بەتایبەتی ئەو‌ ولایه‌تانه‌ی كه‌ دیموكراته‌كان تێیاندا باڵاده‌ستن، له‌گه‌ڵ بۆچوونی ترەمپ هاوڕا نین و پێیان وایە هه‌ر ولایه‌ته‌ و ده‌بێ به‌ گوێره‌ی بارودۆخی خۆی بڕیای ئاسایی كردنه‌وه‌ بده‌ن.

خه‌ڵكی ئه‌مەریكا له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابروودا، له‌ چه‌ند شوێنێك دژی رێكاره‌ تونده‌كان كه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وەی كۆرۆنا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوه‌و خۆنیشاندانیان رێكخستوه‌.

ترەمپیش له‌ رێگای چه‌ند تویته‌كه‌وه‌‌ پشتیوانی خۆی بۆ‌ خۆنیشانده‌ران ده‌ربڕیوه‌، و رێكاره‌كانی به‌شێك له‌ ولایه‌ته‌كان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا به‌ توند وه‌سف ده‌كات.

ئه‌م موشتومه‌ڕه‌ی نێوان ترەمپ و به‌شێك له‌ ویلایه‌ته‌كان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مەریكا له‌ دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووه‌، كه‌ رۆژ به‌ رۆژ كۆرۆنا زیانی زیاتر به‌ ئابووری وڵاتەكە ده‌گه‌یه‌نێت و  له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا، پتر له‌ 22 ملیۆن کەس له‌ ئه‌مەریكا کارەکانیان لەدەستداوە و چاوەڕوان دەکرێت كاریگەرییە نەرێنییەكانی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر به‌ش و كه‌رته‌ جیاجیاكانی ئابووری ئه‌مەریكا زیاتر بێت.

ئابووریناسان رایان وایە له‌ ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا، ئابووری ئه‌مەریكا وه‌كوو مه‌زنترین ئابوری جیهان، به‌  10.8% دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و ئه‌م‌ قه‌یرانه‌ش له‌ پاش جه‌نگی جیهانی دووهه‌مه‌وه‌ بێ وێنه‌یه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی كاری ئەمەریكا، له‌ ساڵی 1930وە، ئاستی بێکاری لە ئه‌مەریكا بەم ئاستەی ئێستا بەرز نەبووەتەوە.

No comments: