Archive

Sunday, July 5, 2020

شاره‌وانی شاری نیویۆرك ته‌نگیان به‌ پۆلیس هه‌ڵچنیوه‌


ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

ئەنجومەنی شاری نیویۆرک له‌ رێگای كۆری جۆنسۆن وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشكرای كرد پڕۆژە یاسایاكه‌یان په‌سه‌ند كردوه‌ كه‌ پۆلیسی شاره‌كه‌ ناچار ده‌كات له‌ ماوه‌ی ١٨٠ رۆژدا لیستی ئەو كه‌له‌وپه‌ل و تەکنولۆژیایانە ئاشكرا بكه‌ن كه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاودێری کردن له‌ شاره‌كه‌ كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرن، ده‌بێ ئه‌وه‌ش ڕوون بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ چ كاریگه‌ریه‌كیان له‌سه‌ر دانیشتوانی شاره‌كه‌ هه‌یه‌.
ڤانێسا گیبسن یه‌كێك له‌ ئەندامی ئەنجومەنی شاری نیویۆرک‌ کە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە كردوه‌، به‌ر له‌ دەنگدان بۆ پرۆژه‌كه‌ وتی: "ئەمە ده‌رفه‌تێكه‌‌ بۆ شاره‌كه‌ تاكوو خەڵکی نیویۆرک بزانن پۆلیسی شاره‌كه‌ چی بەکار دەهێنن، چۆن بەکاری دەهێنن و چ كه‌سانێك بەکاری دەهێنن."
له‌ ئه‌مریكا، پۆلیسی شاری نیویۆرک مه‌زنترین هێزه‌ كه‌ خاوه‌ن هێزێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشه‌.
سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک (بێڵ بیلاسیۆ) کە پێشتر دژایەتی پڕۆژە یاساکەی دەکرد راگه‌یاند‌ پڕۆژەکە پەسەند دەکات تاکوو ببێتە یاساو بچێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.
له‌ ولایه‌تی نیویۆرك دێموكراته‌كان باڵا ده‌ستن و پرۆژه‌ یاساكه‌ به‌ ٤٤ ده‌نگی به‌ڵێ، له‌ به‌رانبه‌ر‌ ٦ ده‌نگی نا، په‌سه‌ند كرا.
به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی نیویۆرك، ئرۆژی ١٢ی مانگ بڕیاریاندا بڕی ١ ملیار دۆلار له‌ بودجه‌ی پۆلیس كه‌م بكه‌نه‌وه‌.
 گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و ٧ ئه‌ندامی دیكه‌‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتبویان: " له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه‌‌ پێویسته له‌ بوجه‌ی ساڵی ٢٠٢١ نیویۆرك‌ بری ١ ملیارد دۆلار كه‌م كه‌ینه‌وه‌".
رۆژی سێشەممەش، رێكه‌وتی ١٦ی ئه‌م مانگه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی ویلیام بار، وه‌زیری داد، میچ مه‌كانڵ، سه‌رۆكی زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی دیكه‌ی كۆنگرێس و كۆمه‌ڵێك ئەفسەر و بەرپـرسانی پـۆلیس، پرۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ سیسته‌می پۆلیسی وڵاته‌كه‌ی واژۆ كرد.
 تره‌مپ به‌‌ر له‌ واژۆ كردنی یاساكه‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ رایگه‌یاند: "بنكه‌كانی پـۆلیس ده‌بێت به‌ ته‌واوه‌تی پابەندی یاساو رێساکان بن، بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانه‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان راپه‌ڕێنن. له‌‌ دووتوێی یاساكه‌دا هاتوه‌،‌ دانانی ئەژنۆ لەسەر مل نابێت بەکاربهێنرێت تەنیا لە كاتێكدا نه‌بێ کە گیانی پـۆلیس لە مەترسی دابێت. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌‌ ده‌بێ پۆلیس سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی هێز راهێنانی چریان پێبكرێت".
رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی – ئه‌فریقی به‌ناوی جۆرج فلۆید ته‌مه‌ن ٤٦ ساڵ، له ‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه‌ له ‌شاری مینیئاپۆلس گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا، ده‌ستگیر كرا. ناوبراو له ‌كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له ‌ژێر ئه‌ژنۆی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس، به‌ ناوی دیریك شۆڤین گیانی له ‌ده‌ستدا.
بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه‌، كه‌ پۆلیسێكی ئه‌مه‌ریكی ئه‌ژنۆی ناوه‌ته‌ سه‌ر ملی هاووڵاتییه‌ ره‌شپێسته‌كه ‌و له‌ ژێر ئه‌ژنۆیدا ده‌بوورێته‌وه، دواتر گیان له‌ ده‌ست ده‌دات‌، دواتر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢ هه‌فته‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی شه‌قامی‌‌ زیاتر له‌ ٢٠٠ شاری ئه‌مه‌ریكا و زۆر وڵاتی دیكه‌ی ته‌نی و ئه‌و ره‌فتاره‌ی پۆلیسی ئه‌مه‌ریكایان به‌ توندی شه‌رمه‌زار كرد.
ئه‌و رووداوه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ گشت ره‌نگ و ئایینه‌كان به‌ تێكڕا داوای دادپه‌روه‌ری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس له‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.
بە پێی ئامارەکان ساڵانە پتر له‌ ١٠٠٠ کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دەست پۆلیس دەکوژرێن، بەڵام لە  ٩٩% ئەو  رووداوانه‌ پۆلیسەکان بە تۆمەتی کوشتن تاوانبار ناکرێن. بەڵام ئەم جارە جیاواز لە جارەکانی پێشوو کەیسی  گیان لە دەستدانی رەشپێستەکەی ئەمریکا بە فەرمیی و بە یاسایی بە تاوانی کوشتن ئەژمارکرا، واتە ئەو ئەفسەرە پۆلیسەی کە ئەژنۆی خستبووە سەر ملی ره‌شپێسته‌كه‌و لە ئەنجامدا گیانی لە دەستدا بە تاوانی کوشتنی پلە دوو دادگایی كراو هەر سێ ئەفسەرەکەی دیکەش کە لە کاتی رووداوەکەدا ئامادە بوون، بە تاوانی جیاواز دادگایی كراون له‌ بواری ماڵییه‌وه‌ به‌ یه‌ك میلیۆن دۆلار سه‌زا دران. کوشتنی پلە دوو لە یاسای تاوانکاریی ئەمریکادا بریتییە لەوەی کە کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت بە بێ ئەوەی پێشتر پلانی بۆ دانرابێت؛ بەمەش ئەفسەرەکەی پۆلیس ره‌نگه‌ ماوه‌ی ٤٠ سال به‌ند بكرێ.
هه‌روه‌ها رۆژی ١٥ی ئه‌م مانگه‌ ریچارد برۆکس، ره‌شپێستێكی دیكه‌ له‌ به‌ ته‌قه‌ی پۆلیسی شاری ئه‌تلانتا له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا كوژرا‌.
له‌ كاتێكدا پۆلیس خه‌ریكی ئه‌وه‌ بوون، كه‌ پشكنین بۆ برۆكس بكه‌ن تاوه‌كو دڵنیا بن كه‌ سه‌رخۆشه‌ یان نا، له‌و كاته‌دا ناوبراو له‌ده‌ستیان راكرد و، دواتر پۆلیس لە پشتەوە تەقەی لێ كرد و كوشتییان.
پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کوشتنی ریشارد برۆكسی ره‌شپێست، خۆپیشاندان لە شاری ئاتلانتا ده‌ستیپێكرد و به‌و هۆیه‌وه‌ بەڕێوەبەری پۆلیسی شار دەستی لە کار کێشایەوە.

No comments: