Archive

Sunday, July 5, 2020

به‌ گوێره‌ی فیلمی "گوێزراوه‌ - Contagion" كۆرۆنا كه‌ی كۆتایی دێت؟

مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2011، فیلمێك له‌ ئه‌مریكا به‌ ‌ناوی ‌"contagion"، یان گوێزرا‌وه،‌ به‌رهه‌مهاتووه‌, فیلمه‌كه‌ ده‌قاوده‌ق ده‌رئه‌نجامی ئێستای ڤایرۆسی كۆرۆنای له‌ جیهان دا نيشانداوه‌.


چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ رووداوه‌كانی ڤایرۆسی سارس 1 ده‌كات كه‌ ساڵی 2002  له‌ چین سه‌ریهه‌ڵدا, ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردبێت كه‌  فیلمه‌كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ ریزی 61یه‌كه‌مین دا جێبگرێ و  پێشوازيیه‌كی ئه‌وتۆی لێنه‌كرێت‌, سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاماده‌كارانی فیلمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پسپۆرانی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان راوێژیان كردبوو‌ ئه‌وان ئه‌و كات پێیان وتبوون كه‌ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای ڤایرۆس له‌ ئارادایه‌ و دره‌نگ یان زوو به‌رۆكی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێت.

ستیڤه‌ن سۆده‌ربێرگ ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ كه‌سێكی دیاری جیهانی سینه‌ما، هاوڕێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی شوێندانه‌ری دیكه‌ی ئه‌و بواره‌، كاریان له‌سه‌ر  ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ كردبوو، كه‌چی ئه‌و كات به‌ راده‌ی ئێستا‌ بازاڕی بینه‌ران باس و بیروڕاگۆرینه‌وه‌ له‌‌ باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌‌ ئاوا گه‌رموگوڕ نه‌بووه‌. 

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و فیلمه‌دا، رۆڵگێری ناسراوی سینه‌ما، گوینس پاڵترۆ  كه‌ رۆڵی بازرگانێك ده‌بینێت، به‌ سه‌فه‌رێك ده‌چێته‌ وڵاتی چین، له‌ چێشتخانه‌یه‌كى هۆنگ كۆنگ، له‌گه‌ڵ چێشتلێنه‌ره‌كه‌ ته‌وقه‌ ده‌كات، پێده‌كه‌نێ و وێنه‌ ده‌گرێت، ئه‌و له‌م رێگاوه‌ تووشی نه‌خۆشيیه‌كی نه‌ناسراو ده‌بێ.

چێشلێنه‌ره‌كه‌، به‌ هۆی كه‌لاكی به‌رازێكه‌وه‌ كه‌ پێشتر پارچه‌ مۆزێكی خواردبوو كه‌ له‌ ده‌می شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌ك به‌ربووه‌ته‌وه‌، تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بێت،‌ دواتر ئه‌و په‌تایه‌ به‌ سارس 1 ناوده‌نرێت.

گوینس له‌‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئه‌مه‌ریكا، له‌ ویلایەتی مینیسۆتا به‌ بێ هیچ پێشینه‌یه‌كی نه‌خۆشی، تووشی ناساخیه‌كی دژوار ده‌بێت، له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات. هه‌روه‌ها كوڕه‌ مێرمنداڵه‌كه‌شی به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌مرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی (ما‌ت ده‌یمن) هاوسه‌ری گوینس تووشی نه‌خۆشه‌یه‌كه‌ ده‌بێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌شی به‌هێزه؛‌ هیچی لێنایه‌و پاش چه‌ند رۆژ چاك ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌رسوڕمانی دكتۆره‌كانی به‌دواوه‌یه‌.

ئیدی لێره‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ ناسینی نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات، تیمه‌كانی توێژینه‌وه، له‌‌ رێگای وێنه‌كانی كامێراكه‌ی گوینس و ئه‌و شوێنانه‌ی لێیماوه‌ته‌وه‌ له‌ كاتی سه‌فه‌ره‌كه‌یدا، وه‌كوو سه‌ره‌داوێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد له‌ باره‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، دواتر ئاشكرا ده‌بێ كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ رێگای ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ گوازراوه‌ته‌وه‌. ‌

له‌ ئێستادا، پسپۆرانی له‌شساخی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ رێگای شه‌مشه‌مه‌كوێره‌وه‌ بۆ مرۆڤ گوازراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ بازاڕێكی گه‌وره‌ی شاری ووهان، له‌ وڵاتی چین، كه‌ ئاژه‌ڵه‌ زیندووه‌كانی تێدا ده‌فرۆشرێ، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئه‌مه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی سه‌رنجراكێشه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناواخنی فیلمه‌كه‌ و كۆی ئه‌و دیالۆگانه‌ی تێیدا جێكراوه‌ته‌وه‌، هه‌لومه‌رجێكه‌ له‌ ساڵی 2020دا به‌ هۆی په‌تای كۆرۆنا و به‌ هۆی گه‌شه‌ی ئامرازی په‌یوه‌ندی له‌ ئاستێكی زۆر فراوانتدا ده‌بینرێت.

له‌ فیلمه‌كه‌دا، په‌تاكه‌ له‌ چین ده‌ستپێده‌كات، دواتر هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه‌. له‌ ده‌سپێكدا به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و وڵاتان بابه‌ته‌كه‌ به‌ جددی وه‌رناگرن،  دواتر كه‌ په‌تاكه‌ پتر بڵاوده‌بێته‌وه‌ رێكاری خۆپارێزی ده‌گرنه‌به‌ر و بڕیار ده‌ده‌ن هاتووچۆ رابگیرێت، سنوروه‌كان داده‌خرێن، داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كرێ  له‌ پێناو سه‌لامه‌تی خۆیاندا له‌ ماڵه‌كانیان بمێنه‌وه ‌و جموجۆڵه‌كان نه‌مێنن، بازاڕه‌كان داده‌خرێن و به‌ ملیۆنان مرۆڤ ئیشوكاره‌كانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها له‌و فیلمه‌دا، ‌وڵاتان به‌رده‌وام هۆشداری به‌ هاووڵاتیانی خۆیان ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌، به‌رپرسانی ته‌ندروستی له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر ناچار بوون بۆ كارێكی زۆر زه‌روور نه‌بێ نه‌چنه‌‌ ده‌ره‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ریش چوون ئه‌وه‌ پێويسته‌ بۆ خۆپارێزی ده‌ستكێش و ده‌مامك به‌كاربهێنن، له‌ ته‌وقه‌كردن و كۆبوونه‌وه‌، سه‌ردانی خزم، كه‌سوكار، هاوڕێ و ناسیاوان خۆیان بپارێزن.

له‌ فیلمه‌كه‌دا، به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تان هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون و مردن به‌ هۆی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌ده‌ن، مردووه‌كان به‌ كۆمه‌ڵ ده‌نێژرێن و رێگا نادرێ كه‌ رێوره‌سمی پرسه‌یان بۆ دابندرێت، دۆخێكی زۆر ناخۆشه‌ و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر لاواز ده‌بێت، خه‌ڵك له‌ چوون بۆ نه‌خۆشخانه‌كان و دیداری كه‌سوكاریان بێبه‌ش ده‌كرێن.

ترسی داڕمانی ئابووری، سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی جه‌ماوه‌ری به‌ هۆی خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، نه‌بوونی ده‌رمان و نه‌خۆشخانه‌ی پێويست،  ئۆقره‌یان له‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسانی وڵاتان بڕیوه‌ و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ته‌واوه‌تی كه‌وتۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌‌‌‌.

له‌ هێندێك شوێن قاتوقڕی و نه‌بوونی خۆراكی پێوسیت واده‌كات كه‌ دزی و تاڵان سه‌رهه‌ڵبدات، له‌ ئاكامدا هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌خرێنه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا زاڵ بن و رێگر بن له‌وه‌ى مرۆڤایه‌تی به‌ هۆی په‌تایه‌كه‌وه‌ له‌ ناو بچێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌شێك له‌ چالاكان و رۆژنامه‌وانه‌كان، به‌ لێدوان و وتار،  بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌به‌ دیارده‌یه‌كی ده‌ستكرد ده‌زانن، ئه‌وان پێیانوایه‌ كه‌ بیرۆكه‌یه‌كی قازانجویستانه‌ له‌ پشت ئه‌م په‌تایه‌وه‌ هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن كارگه‌كان له‌م قه‌یرانه‌دا سوودمه‌ند بوون و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن و داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن باوه‌ڕ به‌ مه‌ترسی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌كه‌ن و گوێرایه‌ڵی رێنمایه‌كان نه‌بن.

له‌ ئاكام دا، پاش مردنی به‌ میلیۆنان مرۆڤ له‌ جیهان دا، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشيیه‌كه‌ به‌ هۆی هه‌وڵ و ماندووبوونی پسپۆر و پزیشكه‌كانه‌وه‌ په‌یدا ده‌بێ، به‌م جۆره‌ مرۆڤایه‌تی به‌سه‌ر په‌تاكه‌دا سه‌رده‌كه‌وێ و ژیان ره‌وتی ئاسایی خۆی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.


#مسته‌ر_كورد

No comments: