شاری نیویۆركی پایته‌ختی ئابووری ئه‌مه‌ریكا له كۆی 19 ملیۆن هاووڵاتی، 92 هه‌زار تووشبووی كۆرۆنای هه‌یه و 2 هه‌زار و 500 كه‌سیش به‌و په‌تایه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئێستا ئه‌و شاره بووه‌ته چه‌قی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو جیهان چاوی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی نیویۆركه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا. هه‌ر بۆیه سێ هه‌فته‌ی داهاتوو بۆ چاره‌نووسی شاره‌كه و په‌تای كۆرۆنا له جیهاندا چاره‌نووسسازه.
شاره‌وانی نیویۆرك داوای یارمه‌تی و به هاناوه هاتنی پزیشكی و ته‌ندروستی له ویلایه‌ته‌كانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی سپی دوێنێ 4 ملیۆن ماسكی ئێن95، كه ده‌كرێ خاوێن بكرێته‌وه‌و لانیكه‌م 20 جار كه‌ڵكی لێوه‌رگیرێت. هه‌روه‌ها ملیۆنێك و 800 هه‌زار ماسكی نه‌شته‌رگه‌ری و ملیۆنێك و 400 هه‌زار پاكه‌تی ده‌ستكێش و 460 هه‌زار به‌ربه‌ستی ده‌موچاو و 4000 ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، ره‌وانه‌ی نیویۆرك كراوون. هه‌روه‌ها سوپای ئه‌مه‌ریكاش كه‌شتییه‌كی هه‌زار قه‌ره‌وێڵه‌یی ره‌وانه‌ی به‌نده‌ره‌كانی شاره‌كه كردووه.
سه‌ره‌ڕای هاوكارییه‌كان به‌رپرسانی شاره‌كه ده‌ڵێن: هێشتا پێویستیان به كۆمه‌كی زیاتر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا بتوانن به‌ر به بڵاوبوونه‌وه‌ی پتری ڤایرۆسه‌كه بگرن.
هه‌فته‌ی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌ر‌شتی ده‌كات، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیی دا ئاشكرایان كرد، دوو ھەفتەی پڕ لە ئازار چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات و ره‌نگه 100 بۆ 250 هه‌زار ئه‌مریكایی به هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه بمرن.
تاكوو ئێستا، له ئاستی جیهان دا پتر له 1 ملیۆن كه‌س تووشی ئه‌م په‌تایه بوون و زیاتر له 53 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و له ئه‌مه‌ریكاش زانكۆی جۆنز هۆبكنز، ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه، ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان به كۆرۆنا له ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته سه‌رووی 6 هه‌زار كه‌س.
به گوێره‌ی ئاماری ئه‌و زانكۆیه، تا ئه‌مڕۆ هه‌ینی (3ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020) له ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشتووه‌ته 6 هه‌زار و 285 كه‌س.
هاوكات ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین زیانیان به هۆی كۆرۆناوه به‌ركه‌وتووه و ژماره‌ی تووشبووان گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 210 هه‌زار كه‌س.
No comments:
Post a Comment