Archive

Sunday, July 5, 2020

كۆشكی سپی: كۆرۆنا به‌رهه‌می كۆمۆنیزمه‌

راوێژكارێكی كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا،‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: "ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رهه‌می حزبی كۆمۆنیستی چین بووه‌".

پیته‌ر ناڤارۆ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و راوێژكاری ئابووری كۆشكی سپی، رۆژی یه‌كشه‌ممه،‌ له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن رایگه‌یاند: "ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رهه‌می حزبی كۆمۆنیستی چین بوو، تاكو  ئێمه زانیاریمان نه‌بێ كه‌ چی له‌ تاقیگه‌كان و بازاڕی ئاژه‌ڵفرۆشان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌چین درووستكراوه‌".

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی كۆشكی سپی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی دا وردتر دوا و وتی: "ئه‌وه‌ پرسیارێكی كراوه‌یه‌ كه‌ ئایا ڤایرۆسه‌كه‌ دروست كراوه‌، به‌ڵام من خوازیارم ئه‌وه‌تان پێ بڵێم ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2005دا كتێبێكی 150 لاپه‌ڕه‌ییم به ‌ناوی شه‌ڕه‌كانی داهاتووی چین نووسی، پێشبینی ئه‌وه‌م كردبوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ چین ڤایرۆسێك دروست بكات  ببێته‌ هۆكاری كوشتنی به‌ میلیۆنان كه‌س. بۆچی من ئه‌و كات ئه‌وه‌م كرد؟ له‌به‌ر  ئه‌وه‌ی له‌ سیسته‌می دیكتاتۆری، سه‌ركوتكه‌ر و لێڵ دا، به‌ره‌و ئاقار‌ێك ده‌چوون كه‌ هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ به‌ ئێمه‌یاندا، یانی په‌تایه‌كی گشتییان داینێ، بۆیه‌ تاكو كاتێك بێتاوانی چین نه‌سه‌لمێ، به‌ باوه‌ڕی من چین تاوانباره‌".

پیته‌ر ناڤارۆ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی‌ وتووێژه‌كه‌ی دا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن پێداگری له‌سه‌ر تاوانباركردنی چین كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "ئه‌وان (چینییه‌كان) ڤایرۆسه‌كه‌یان له‌ چین ساز كرد و بۆ ماوه‌ی دوو مانگ شاردیانه‌وه‌، پتر له‌ 100 هه‌زار ئه‌مریكییان كوشت، ئه‌م دۆخه‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌، ئێستا چ به‌ڵگه‌ و هۆكارێك له‌ ئارادایه‌ كه‌ چینییه‌كان تاوانبار نین، سه‌باره‌ت به‌و هه‌زاران میلیار دۆلاره‌ی كه‌ زیانیان به‌ ئێمه‌ گه‌یاندووه‌؟".

راوێژکاری ئابووری کۆشکی سپی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وڵامی  راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا جۆن بۆڵتنی دایه‌وه‌ كه‌ له‌ نوێترین كتێبیدا به‌ ناوی "ئه‌و ژووره‌ی شته‌كانی لێ رووده‌دا"، باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گوایا کاتێک سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چین (شی جین پینگ) چاویان بەیەک کەوتووه‌، داوای له‌ ناوبراو كردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تی بدات.

ناڤارۆ  له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتی: "بێ مانایه‌، من خۆم لە ژوورەکەدا بووم و گوێم لەوە نەبووە سەرۆک تره‌مپ داوای ئه‌وه‌ بكات بۆ هەڵبژاردنه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تی بدرێ".

شپرزه‌یی و ئاوسانی ئابووری ئه‌مەریكا به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ كاتێكدایه‌، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەڕەشەی راگرتنی سه‌رجه‌م پەیوەندییەکان لەگەڵ چین دەکات‌.

کۆشکی سپی هەڕەشەی سزا و گه‌مارۆ سەپاندن به‌سه‌ر چین دا دەکات. واشنتن، بیجینگ/ پەكین به‌وه‌ تۆمەتبار دەکات، رێگای داوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببێتەوە و زانیارییەکانی لەو بارەوە شاردۆته‌وه‌. تره‌مپ پێی وایه‌ پچڕانی گشت پەیوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتی چین وا ده‌كات له‌ ئێستادا ئه‌مەریكا بڕی 500 ملیار دۆلار قازانج بكات.

ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ به‌ كۆڤید19 ناسراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی 2019دا، له‌ شاری ووهانی چین بڵاوبوو‌ه‌وه‌، دواتر پەتاکە 200 وڵاتی دنیای گرته‌وه‌، تاكو ئێستا له‌ جیهان پتر له‌ ٩ میلیۆن و 359 هه‌زار كه‌س تووشبوون، له‌م ژماره‌یه‌ك پتر له‌ 5 میلیۆن كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه، زیاتر له‌ 479 هه‌زار كه‌س مردوون.

له‌ ئەمه‌ریکاش، رێژه‌ی تووشبووان له‌ 2 میلیۆن و 424 هەزار کەس تێپه‌ڕیوه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 123 هه‌زار كه‌سیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

No comments: