ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
كۆمیسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا بۆ ئازادییه‌كانی ئایین، "USCIRF"، له‌شكركێشیاكانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان مه‌حكووم ده‌كات و له هه‌مان كاتدا خوازیاره سەرۆکی وڵاتی توركیا هێرشە ئاسمانییه‌كانیان و ئەو توندوتیژیانەی كه خەڵکی مه‌ده‌نیان كردۆته ئامانج ڕابگرێت.
گەیڵ مەنشن سەرۆکی كۆمیسیۆنی ناوبراو ده‌ڵێ: "داوا لە تورکیا ئه‌كه‌م دەستبەجێ هێرشی ئاسمانی دڕه‌ندانه بۆ سەر شەنگال ڕابگرێت و په‌لاماری هەر هێزێکی زەمینی كه توندوتیژی ده‌خولقێبێ له‌و ده‌ڤه‌ره بکشێنێتەوە كه ناوچه‌كه خۆی له خۆی دا لە مەترسیـیدایە. به تایبه‌تی ئه‌و هه‌نگاوانه مایه‌ی مه‌ترسین بۆ سەدان خێزانی لێقەوماوی ئێزیدی، ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شەنگاڵ، هەروەها بۆ ئەو خەڵکە بێ دیفاعه‌ی دیکە كه خوازیارن بگەڕێنەوە بۆ باکوری عێراق، هیچ یه‌ك لەوان شایەنی ئەوە نیـین لە لایەن ئه‌ندامێكی هاوپەیمانی ناتۆوە بخرێنه مه‌ترسییه‌وه.
حکومەتی تورکیا کە ئیدعا دەکات ئەم كرده‌وانه نوێن لە ناو زنجیرەیەک لە په‌لاماری هاوشێوە بۆ سه‌ر شەنگال له ساڵی ٢٠١٧وه، بە ڕوواڵەت هێرشه‌كان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەنە ئامانج، بەڵام ئەو په‌لاماره هەڕەمەکیـانە راست دوای چەند ڕۆژ هاتنه ئاراوه كه ٢٠٠ بنه‌ماڵه دوای ٦ ساڵ ئاواره‌یی له كه‌مپێكی په‌نابه‌ران له شاری دهۆك، گه‌رانه‌وه شه‌نگاڵ. هاوكات هێڕه‌شه‌كان له نزیكی شارۆچکەو کەمپه‌كانی ئه‌و خێزانە ئیزیدیـیەکان بوو كه پاش ژینۆسایدەکەی ساڵی ٢٠١٤ی داعش، له عێراق و سوریا هاتبوونه ئاراوه.
هه‌روه‌ها تۆنی پـێرکنز جێگری سەرۆکی كۆمیسیۆنه‌كه داوا لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا ده‌كات هەموو هێز، دیپـلۆماسی و ئابوری خۆی بەکار بهێنێت بۆ پاراستنی کەمینە ئاینیـیە بێ پشت و پەناکان لە باکوری عێراق و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سه‌ربازییه هەڕەمەکیـیەکانی تورکیاداو له‌م باره‌وه داوا ده‌كات كه مادام توركیا له‌و ناوچانه ناسه‌قامگیری ده‌خولقێنێ پێویسته سه‌زا بدرێ.
كۆمیسیۆنكه له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی دا باس له‌وه ده‌كات كه له ساڵی ١٩٨٤وه تورکیا له دژی پارتی کرێکارانی کوردستان شه‌ڕ ده‌كات کە ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆخوازی کوردەو ئەمەریکا وەک گروپـێکی تیرۆریستی دیناسێ. له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه: "زۆر جار سپای تورکیا له عێراق و سوریای جیرانی، هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی كه به قسه‌ی توركیا پەکەکه یان ئەو گروپانەی لێین کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیـیان بە پەکەکەوە هەیە. له‌و په‌لاماره به‌رینه‌دا تورکیا ئیدیعا دەکات كه ٥٠٠ بۆمبی زیاتر له‌و ناوچانە داوه کە هیچ ئاماژەیه‌كان تێدا به‌دی ناكرێ كه له‌و شوێنانه‌وه به‌رنامه‌و پلانی هێرش لە دژی تورکیا ئه‌نجام بدرێن. تورکیا به‌م هێرشانه بۆ جارێكی دیكه‌ش بێباكی و خه‌مساردی خۆی له ئاست که‌مایه‌تییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه بێ پشت و پەناکانی ئه‌و ناوچانە نیشان ده‌دات كه ئه‌وان لێی نیشته‌جێن یان خۆ پەنایان بۆ بردوون."
كۆمیسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا بۆ ئازادییه‌كانی ئایین، كه سه‌ر به ده‌وڵه‌تی فیدراڵه‌و ساڵانه راپۆرت ده‌رباره‌ی ئازادی ئایین له سه‌راسه‌ری دونیا بڵاده‌كاته‌وه، له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی، داوای له وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا كردوه، له‌به‌ر ئه‌و پـێشێلکاریـیە گەورانەی توركیا بەرامبەر ئازادی ئایین ده‌یانكات ئه‌و وڵاته بخاته ناو لیستی چاوه‌دێری كردنی تایبه‌تی خۆی.
No comments:
Post a Comment