د. ئه‌نتۆنی فاوچی، سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و ئه‌ندامی كارای تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له نوێترین لێدوانی‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مەریكا، رایگه‌یاند گه‌شبینه به‌وه‌ی له داهاتوویه‌كی نزیكدا ڤاكسینی كۆرۆنا به‌رده‌ست بێ و هه‌روه‌ها ژیان به‌ره‌به‌ره بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی ئاسایی خۆی.
د. فاوچی له‌و گفتوگۆیه‌دا باسی له‌وه كردووه: "ئێستا له ئه‌مەریكا چه‌ند كۆمپانیایه‌ك سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی پێكوته‌ی كۆرۆنان، ئه‌وان شێلگیرانه له‌م باره‌وه له هه‌وڵدان؛ هۆكاری گه‌شبینیشم له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئاكامی ده‌وری یه‌كه‌می تاقیكارییه‌كانی ڤاكسینی كۆرۆنا، له‌سه‌ر مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، هیوابه‌خش بوون".
سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان له به‌شێكی دیكه‌ی وتووێژه‌كه‌ی دا گوتویه‌تی: "باوه‌ڕم وایه و به‌پێی ئه‌زموونی من سه‌باره‌ت به‌م په‌تایه كه ده‌گوازرێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی له رێگای ڤایرۆسه‌وه به‌و شێوه خێرا‌و به‌ربڵاوه، زۆر زیاتر له جاران وشیارتر ببینه‌وه. به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌شم به‌ره به‌ره، ره‌نگه له ماوه‌ی یه‌ك دوو ساڵی داهاتوودا، ژیان به ته‌واوه‌تی ئاسایی بێته‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌و رۆژه‌ش بێ كه من و تۆ پێكه‌وه رووبه‌ڕوو وتووێژ بكه‌ین".
پێشتر له نیوه‌ی دووهه‌می مانگی ئایاردا، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له كۆشكی سپی، ئاشكرای كرد بڕی 10 میلیار دۆلاری بۆ توێژینه‌وه‌ی پزیشكی به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌رخان كردووه.
تره‌مپ، له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا تیمێكی نوێی سه‌ر به كۆشكی سپی به ناوی "چالاكی تایبه‌تی خێرا" ناساند و ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و گرووپه‌ی به "خۆبه‌خشی گرووپێكی زانستی و پیشه‌یی بێوێنه" ناوبرد.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هیوای خواست به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆڤید19 له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رده‌ست بێ و له‌م باره‌وه وتی: "ئێمه نه‌ك ته‌نیا له ناوخۆی وڵات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دۆست و هاوبه‌شه‌كانمان له جیهاندا، پێكه‌وه هاوكاری نزیك ده‌كه‌ین".
تره‌مپ باسی له‌وه‌شكرد كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پتر له 100 تاقیكردنه‌وه‌ی دروستكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاوكاری ده‌كه‌ن. دامه‌زراوه‌ی خۆراك و ده‌رمانیش پتر له 130 پلانی بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی چالاكی په‌سه‌ند كردووه.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێ كه ڤاكسێنی كۆرۆنا تاكوو سه‌ره‌تای پاییزی ئه‌مساڵ به‌رده‌ست بێ.
له ماوه‌ی رابردووش دا به‌ریتانیا سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جیهانی بۆ دیتنه‌وه‌ی ڤاكسێنی كۆڕۆنا كرد كه 30 وڵاتی جیهان تێیدا به‌شدار بوون و پتر له 8 میلیارد دۆلاریان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان كرد.
كۆڤید19، له كۆتایی ساڵی 2019دا، له شاری ووهانی چین بڵاووبووهوه، دواتر پەتاکە پتر له 200 وڵاتی دنیای گرته‌وه، تاكو ئێستا له ئاستی جیهانی دا پتر له 7 میلیۆن و 853 هه‌زار كه‌س تووشبوون، له‌م بازنه‌دا پتر له 3 میلیۆن و 604 هه‌زار كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زیاتر له 432 هه‌زار كه‌سیش مردوون.
لە ئەمه‌ریکا زیاتر له 2 میلیۆن و 122 هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، زیاتر لە 117 هەزار کەسیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.
No comments:
Post a Comment