ڕۆژی سێشه‌ممه، دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆكی ئەمەریكا، وه‌كوو رۆژانی دیكه له‌گه‌ڵ تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، كه مایك پێنس جێگری سه‌رۆك سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له كۆشكی سپی قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی حه‌فته‌یه‌كی زۆر سه‌ختی له‌پێشه، به‌ڵام ترووسكه‌ی رووناكایی هه‌ر ده‌بینێت و هیوای خواست كه بارودۆخه‌كه باشتر بێ.
تره‌مپ سوپاسی هاووڵاتیانی ئه‌مریكای كرد كه رێنماییه‌كانیان ڕه‌چاو كردووه و پێشی وابوو كه ئه‌م رێچكه‌یه بۆته هۆكاری خاوكردنه‌وه له بڵاوبوونه‌وه‌ی پتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
تره‌مپ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه له رێگای ئاسمانه‌وه كه‌لوپه‌لی پێویست ده‌گه‌یه‌ننه سه‌رتاسه‌ری وڵات و سوپاش جیا له نیویۆرك، له شاری شیكاگۆش خه‌ریكی سازكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی كاتییه.
له درێژه‌ی قسه‌كانی دا تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ویلایه‌ته‌كان له نزیكه‌وه كار بكه‌ن و له ناردنی ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌سكرد بۆ ولایه‌ته‌كانی وه‌كو نیویۆرك، نیوجێرسی، ئیلیونۆیز، كالیفۆرنیا و لویزیانا به‌رده‌وام ده‌بن كه بارودۆخیان قه‌یراناویه.
دۆناڵد ترەمپ، له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌دا به زمانێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز له باره‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی قسه‌ی كرد‌و وتی: "زۆرترین به‌شه بودجەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێمه دابینی دەکەین، بەڵام کاتێک من قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و گه‌شته‌كانم راگه‌یاند، ئه‌وان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە ده‌سپێكیشه‌وه وه‌كو پێوسیت بۆ پێش‌گرتن له بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا كاریان نه‌كردووه. ئه‌وان له سه‌ره‌تاوه زۆر زانیاریان هه‌بوو، بەڵام هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌نا. سەرەڕای ئەوەی بەشی هه‌ره زۆری بودجه‌كه‌یان ئێمە دەیدەین، وا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌وان له چین نزیک بن".
بۆیه سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئەو رێکخراوە جیهانییه كرد.
هه‌روه‌ها تره‌مپ له قسه‌كانی دا، سوپاسی سوپا، كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، دكتۆره‌كان، تیمه‌كانی ئاگركوژاندنه‌وه و كه‌رتی هێنان و بردن و گشت ئه‌و لایه‌نانه كرد كه پێكه‌وه بۆ تێكشكاندنی كۆرۆنا تێده‌كۆشن.
تاكو ئێستا، له ئه‌مریكا، 401 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، پتر له 22 هه‌زار كه‌س چاك بوونه‌ته‌وه‌و نزیك به 13 هه‌زار كه‌سیش گیانیان له ده‌ست داوه.
No comments:
Post a Comment