Archive

Sunday, July 5, 2020

واشنگتن و تاران ئاڵوگۆر به‌ به‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن

واشنگتن و تاران ئاڵوگۆر به‌ به‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن

ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

رۆژی پێنجشه‌ممه‌، رێكه‌وتی ١٥ی مای ٢٠٢٠، سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ رێگای تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌ خۆشحالی خۆی بۆ ئازاد كردنی مایكێل وایت ده‌ربری كه‌ له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ به‌ بارمته‌ گیرابوو.
دۆناڵد تره‌مپ له‌ تویته‌كه‌ی دا نووسیبووی: "به‌و په‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه‌ راده‌گه‌ینم مایكێڵ وایت سه‌ربازی پشێووی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا، كه‌  بۆ ماوه‌ی ٦٨٣ رۆژ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كرابوو، هه‌نووكه‌ له‌ رێگای فرۆكه‌یه‌كی سویسرا، ئاسمانی ئێرانی به‌جێهێشت. ئێمه‌ چاوه‌روانیین ناوبراو هه‌رچی زوتر بگه‌رێته‌وه ئه‌مریكاو په‌یوه‌ست به‌ بنه‌ماله‌كه‌ی بێ. من هه‌رگیز له‌ هه‌وڵدان بۆ ئازادی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی ئه‌مریكایی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بارمه‌ته‌ گیران، كۆڵ ناده‌م! سوئیس، سپاسی‌ هاوكاریی شایانتان ده‌كه‌م."
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ كاربه‌ده‌ستێكی فه‌رمیی ئه‌مریكا ئاشكرا كرد كه‌ مایكێڵ وایت ئازاد كراوه‌و برایان هوك لێپرسراوی كاروباری ئێران له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ هاورێ له‌گه‌ڵ پزیشكێك چۆته‌ سویسراو له‌وێوه‌ له‌گه‌ڵ مایێڵ رایت پێكه‌وه‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ ئه‌مریكا.
مایكێڵ وایت، سه‌ربازی پشێووی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا،  هاوینی ساڵی ٩٧، له‌ كاتێكدا بۆ دیداری هاوڕێ كچه‌كه‌ی به‌ سه‌فه‌ر چبوه‌ شاری مه‌شهه‌د، له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌سبه‌ر كرا. 
دواتر ناوبراو به‌ تاوانی سوكایه‌تی به‌ رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ٢ ساڵ به‌ندیخانه‌ی بۆ برایه‌وه‌و هه‌روه‌ها به‌ بیانوی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی تایبه‌تی و شه‌خسی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستگرام، ماوه‌ی ١٠ ساڵ گیرانی به‌سه‌ردا سه‌پابوو.
مانگی مارسی، مایك پۆمپئو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكرای كردبوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئیزنیان داوه‌ مایێڵ وایت به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ گرتوخانه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ باسی له‌وه‌ش كردبوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ هه‌موو تاوناوه‌ هه‌وڵ ده‌دات كه‌ ئه‌و هاووڵاتیه‌ ئه‌مریكایه‌ ئازاد بكرێ كه‌ ئێران ماوه‌ی ١٣ ساڵ گیرانی به‌سه‌ردا سه‌پاندوه‌.
هه‌ر له‌م به‌ستێنه‌دا، دیپلۆماتێكی ئێرانی بولفه‌زل مێهرئابادی، جێگری سه‌رۆكی به‌شی پاراستنی به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئئران، له‌ باڵوێزخانه‌ی پاكستان،  ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ هاوڵاتیه‌كی ئێرانی به‌ ناوی سیروس عه‌سكه‌ری ته‌مه‌ن ٥٩ ساڵ، كه‌ ماوه‌ی ١٠ رۆژ به‌ر له‌ ئێستا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوه‌، ئه‌گه‌ر پزیشكه‌كان ئیزنی سه‌فه‌ر كردنی بده‌نێ ئه‌وا به‌ زوترین كات له‌ ئه‌مریكاوه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئێڕان.
عه‌سكه‌ری ساڵی ٢٠١٦، به‌ تاوانی سیخوری و ساخته‌كاری له‌ ڤیزا دا له‌ لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵی ئه‌مریكا ده‌سبه‌سه‌ر كرابوو.

No comments: