Archive

Sunday, July 5, 2020

تره‌مپ چاكسازی له‌ سیسته‌می پۆلیسدا ده‌كات

رۆژی 25ی ئایار، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی – ئه‌فریقی به‌ناوی جۆرج فلۆید ته‌مه‌ن 46 ساڵ، له‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه‌ له ‌شاری مینیئاپۆلس گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا، ده‌ستگیر كرا. ناوبراو له ‌كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له ‌ژێر ئه‌ژنۆی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس، به‌ ناوی دیریك شۆڤین گیانی له ‌ده‌ستدا.

بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه‌، كه‌ پۆلیسێكی ئه‌مه‌ریكی ئه‌ژنۆی ناوه‌ته‌ سه‌ر ملی هاووڵاتییه‌ ره‌شپێسته‌كه ‌و له‌ ژێر ئه‌ژنۆیدا ده‌بوورێته‌وه، دواتر گیان له‌ ده‌ست ده‌دات‌، بۆ ماوه‌ی پتر له‌ 2 هه‌فته‌ له‌‌ 200 شاری ئه‌مه‌ریكا پتر، هه‌روه‌ها زۆر وڵاتی دیكه‌ش رێپێوان و ناڕه‌زایه‌تی بۆ مه‌حكومكردنی ئه‌م كرده‌وه‌ی پۆلیس هاته‌ گۆڕێ.

ئه‌م رووداوه‌ وای كرد جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ گشت ره‌نگ و ئایینه‌كان به‌ تێكڕا داوای دادپه‌روه‌ری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس له‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سه‌رۆك تره‌مپ بڕیاری چاكسازی له‌ سیسته‌می پۆلیسی ئه‌مریكادا، واژۆ بكات.

هه‌روه‌ها تره‌مپ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ باسی له‌ كوشتنی ڕیچارد برۆکس، ره‌شپێستێكی دیكه‌ كرد كه‌ دوێنێ له‌ لایه‌ن پۆلیسی شاری ئه‌تلانتا له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا ته‌قه‌ی لێكراو كوژراوه‌.

له‌ كاتێكدا پۆلیس خه‌ریكی ئه‌وه‌ بوون كه‌ پشكنین بۆ برۆكس بكه‌ن تاكوو دڵنیا بن كه‌ سه‌رخۆشه‌ و خواردویه‌ته‌وه‌‌، له‌و كاته‌دا ناوبراو هه‌ڵدێ، دواتر پۆلیس لە پشتەوە تەقەی لێ دەکه‌ن و دەیكوژن.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کوشتنی ریشارد برۆكسی ره‌شپێست، خۆپیشاندان لە شاری ئاتلانتا  ده‌ستیپێكرد و به‌م هۆیه‌وه‌ بەڕێوەبەری پۆلیسی شار دەستی لە کار کێشایەوە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تا ئێستا ورده‌كاری بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا کۆماری و دێموكراته‌كانی كۆنگرێس به‌ چڕی کار لەسەر دوو پرۆژه‌ یاسای جیاواز ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌نگی جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن.

No comments: