Archive

Friday, July 10, 2020

ئه‌مریكا بۆ به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسێنی كۆرۆنا پاره‌ی پتر ده‌به‌خشێ


ره‌حیم ره‌شیدی\ واشگنتن
ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ به‌رنامه‌یكی كۆشكی سپی دا، به‌ ناوی "Operation Warp Speed"، كه‌ پرۆگرامه‌كه بۆ پێشخستنی ساز كردنی ڤاكسێنی كۆرۆنا‌، زۆرترین یارمه‌تی دارایی پێشكه‌ش به‌ كۆمپانیای نۆڤا ڤاكس پێشكه‌ش كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر ڤاكسێنی كۆڤید19 ساز بكه‌ن و بیخه‌نه‌ بازاره‌وه‌.
ئه‌مریكا بڕی 1.6 میلیارد دۆلاری داوه‌ته‌ کۆمپانیای "Novavax Inc"، بۆ ئه‌وه‌ی تاكوو له‌ سه‌ره‌تای مانگی 1ی ساڵی نوێ دا بڕی 100 میلیۆن ڤاكسێنی دژه‌ كۆرۆنا بخاته‌ بازاره‌وه‌. ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ تێچوونەکانی تاقیکردنەوەكان، بە بازاڕکردن و بەرهەمهێنانی ڤاكسێنه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكایه‌.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا، ستەینلی ئێرک، سەرۆکی به‌رێوه‌به‌ری كۆمپانیای نۆڤا ڤاکس بە ئاژانسی هه‌واڵده‌ری رۆیتەرزی راگه‌یاندوه‌: "ئه‌م یارمه‌تیه‌ كه‌ پێشكه‌ش كردوا‌ به‌ مەبەستی بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن ڤاكسێنی دژه‌ كۆرۆناو رادەستکردنی له‌م ساڵ دا ده‌بێ و پرۆسه‌كه‌ ره‌نگه‌ له‌ مانگه‌كانی یه‌ك یان دووی ساڵی داهاتوودا كۆتایی بێ. هه‌روها تێچوه‌كانی ئەنجامدانی گه‌وره‌ی ده‌وری سێهه‌می دواین تاقیكردنه‌وه‌كانمانه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ مانگی 10ی ئه‌مساڵ دا ده‌ست پێبكات."
پێشتر له‌ نیوه‌ی دووهه‌می مانگی 3دا، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌ كۆشكی سپی، ئاشكرای كرد بڕی 10 میلیارد دۆلاری بۆ توێژینه‌وه‌ی پزیشكی به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌رخان كردووه‌.
هه‌روه‌ها تره‌مپ، تیمێكی نوێی سه‌ر به‌ كۆشكی سپی به‌ ناوی "چالاكی تایبه‌تی خێرا" ناساند و ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و گرووپه‌ی به‌ "خۆبه‌خشی گرووپێكی زانستی و پیشه‌یی بێوێنه‌" ناوبرد.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هیوای خواست به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆڤید-19 له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رده‌ست بێ و له‌م باره‌وه‌ وتی: "ئێمه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ نێوخۆی وڵات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دۆست و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ جیهاندا، پێكه‌وه‌ هاوكاری نزیك ده‌كه‌ین".
تره‌مپ باسی له‌وه‌شكرد كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پتر له‌ 100 تاقیكردنه‌وه‌ی دروستكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌گه‌ڵ یه‌كتر‌ هاوكاری ده‌كه‌ن. دامه‌زراوه‌ی خۆراك و ده‌رمانیش پتر له‌ 130 پلانی بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی چالاكی له‌م بازنه‌دا په‌سه‌ند كردووه‌.
د. ئه‌نتۆنی فاوچی، سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان و ئه‌ندامی كارای تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ لێدوانیدا له‌گه‌ڵ به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مەریكا، رایگه‌یاند گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ڤاكسینی كۆرۆنا به‌رده‌ست بێ و هه‌روه‌ها ژیان به‌ره‌به‌ره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی ئاسایی خۆی. به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی د. فاوچی ئه‌و تاقیكاریانه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ و ئاژه‌ڵ كراون بۆ دیتنه‌وه‌ی ڤاكسێنكه‌، هیوابه‌خشه‌.
ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ به‌ كۆڤید19 ناسراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی 2019دا، له‌ شاری ووهانی چین بڵاوبوو‌ه‌وه‌، دواتر پەتاکە 200 وڵاتی دنیای گرته‌وه‌، تاكو ئێستا له‌ جیهان پتر له‌ 11 میلیۆن و 813 هه‌زار كه‌س تووشبوون، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 543 هه‌زار كه‌س مردوون.
له‌ ئەمه‌ریکاش، رێژه‌ی تووشبووان له‌ 3 میلیۆن و 29 هەزار کەس تێپه‌ڕیوه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 133 هه‌زار كه‌سیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

No comments: