به‌گوێره‌ی زانیارییه رۆژنامه‌وانییەكان كه له‌نێو كۆشكی سپی دزه‌یان پێكراوه، یاریده‌ده‌رێكی سەرەکی ئیڤانکا تره‌مپ، راوێژکاری پله‌به‌رزی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، له کۆشکی سپی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووه.
ئاماژە بەوەكراوە، راوێژكاره‌كه‌ی ئیڤانکا تره‌مپ، هیچ ئاماژه‌یه‌كی تووشبوون به پەتای کۆرۆنای نەبووە، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا، له دووره‌وه ئه‌رك و كاره‌كانی رۆژانه‌ی خۆی راپه‌ڕاندووه.
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشكرایان كردووە، دوای ئاشكرا بوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه، ئیڤانکا و کوشنەری مێردی، پشکنینان بۆ کراوە، دواتر دەرکەوتووە کە ئه‌وان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نه‌بوون.
ئەمە له كاتێكدایه بڕیاره رۆژی سێشه‌ممه‌ی داھاتوو د. ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوبەری په‌یمانگای نه‌ته‌وه‌یی بۆ نەخۆشییە درمییەکان و ئه‌ندامی تیمی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، له‌گه‌ڵ لیژنەی تەندروستی کۆنگرێس كۆبێته‌وه و لەو دانیشتنەی کۆنگرێس دا، شرۆڤه و هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت ئاخۆ تره‌مپ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تتییه‌كه‌ی توانیویانه وه‌كوو پێوسیت رووبه‌ڕووی په‌تای كۆڕۆنا ببنه‌وه.
د. فاوچی بڕیاریداوە تا رۆژی دانیشتنەکەی کۆنگرێس، له ماڵەكەی بمێنێته‌وه‌و خۆی كەرەنتینە بکات، لە ئه‌گه‌ری ھەر ئاماژەیەكی تێكچوونی تەندروستی هه‌وڵده‌دات له رێگای ڤیدیۆوه وەڵامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی كۆنگرێس بداته‌وه.
له ماوه‌ی 3 مانگی رابردوودا، د. فاوچی لە زۆربەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییه‌كانی كۆشكی سپی، ده‌رباره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاوشانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماده بووه. دیدو سه‌رنجه‌كانی د. فاوچی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، له ئاستی جیهانی و ناوخۆی ئه‌مەریكاش به گرنگ و پڕ بایه‌خ چاوی لێده‌كرێت. ئەو نزیکەی نیو سه‌ده‌یه لە بواری تەندروستی کار دەکات. لە ساڵی 1940 چاوی به ژیان هه‌ڵێناوه‌و شاره‌زایی و پسپۆری لە زانستی بەرگریی جەستەدا هەیە.
ھەفتەی رابردووش، راگه‌یه‌ندرا 2 كه‌سی دیكه له كۆشكی سپی، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، یەکێک له تووشبووه‌كان یاریده‌ده‌رێكی سەرۆکی ئەموریکا بووه، ئەوی دیكه‌شیان یەکێک لە كارمه‌نده‌كانی نووسینگه‌ی جێگری سەرۆک تره‌مپ بوو.بەشی خزمەتگوزاری ئاسایشی کۆشکی سپی پێشتر رایگەیاندبوو كه 11 کەس لە فه‌رمانبه‌رانی پاسەوانەکانی کۆشکی سپی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. تاكوو ئێستا زیاتر لە سێ جار پشكنینی كۆرۆنا بۆ دۆناڵد تره‌مپ و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریكا كراوه، بەپێی ئەنجامەكان تائێستا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌بوون.
No comments:
Post a Comment