Archive

Sunday, July 5, 2020

ترەمپ هه‌ڕه‌شه‌كانی خۆی كرده‌ كرده‌وه‌



كوردستان ٢٤\ واشنگتن


سه‌ر له‌ ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هاورێ له‌گه‌ڵ تیمی تایبه‌تی ده‌وڵه‌ت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا رایگه‌یاند كه‌ رێکخراوی تەندروستی جیهانی، له‌ ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تی خۆی بۆ رێگری له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا شکستی هێناوەو پێویسته‌ ئەو رێکخراوە بەرپرسایه‌تی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە له‌ ئه‌وستۆ بگرێ. 
هه‌ر به‌م هۆیانه‌وه‌ تره‌مپ داوای له‌ ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد كه‌ به‌شه‌ بوجه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ببڕن.
ساڵی ٢٠١٩ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری به‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌خشوه‌ كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌‌ ده‌كاته‌ ١٥% كۆی بوجه‌ی رێكخراوه‌.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵی ڕابردوو وڵاتی چین ته‌نیا بڕی ٧٦ ملیۆن دۆلار هاوكاری دارایی ئه‌و رێكخراوه‌ی كردوه‌.
رۆژی سێشه‌ممه‌ی حه‌وتووی ڕابردووش، تره‌مپ به‌ زمانێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز ده‌رباره‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی قسه‌ی كردو وتی: "زۆرترین به‌شه‌ بودجەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێمه‌ دابینی دەکەین، بەڵام کاتێک من قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و گه‌شته‌كانم راگه‌یاند، ئه‌وان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە ده‌ستپێكیشه‌وه‌ وه‌كو پێویست بۆ پێشگرتن به بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كاریان نه‌كردووه‌. ئه‌وان هه‌ر له‌ سەرەتاوه‌ زۆر زانیاریان هه‌بوو، بەڵام هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌نا. سەرەڕای ئەوەی بەشی هه‌ره‌ زۆری بوجه‌كه‌یان ئێمە دەیدەین، وا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌وان له‌ چین نزیک بن."
هه‌ر بۆیه‌ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئەو رێکخراوە جیهانیه‌ كردو له‌ ئاكامدا یه‌ك حه‌وتوو پاش ئه‌م قسانه‌ به‌ كرده‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ جێبه‌جێ كردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی له‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌ڵگرت.
تره‌مپ له‌ كاتێكدا حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی راسپاردوه‌ تاكوو یارمه‌تی به‌‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رابگرن كه‌ له‌‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا بڕی ٤٩٩ ملیۆن دۆلاری وه‌كو یارمه‌تی مرۆیی پێشكه‌ش به‌و وڵاتانه‌ كردوه‌ كه‌ به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تووشی ئاسته‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌ هاتوون. مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ جیا له‌ ئاشكرا كردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌كو یارمه‌تی مرۆیی، رایگه‌یاند، ئه‌مەریكا به‌ بڕی یەک ملیار و نیو هاوكاری وڵاتانی دیكه‌ی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنادا زاڵ بن.
تره‌مپ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی وێرای هه‌وڵدان بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنادا هاوكات درێژه‌ به‌ هاوكاری وڵاتانی ئیتالیا، ئیسپانیاو بریتانیا ده‌دات تاكوو به‌سه‌ر كۆرنادا زاڵ ببن.
تاكوو ئێستا له‌ ئاستی جیهانی دا، پتر له‌ دوو میلیۆن كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و نزیك به‌ ٤٩٥ هه‌زار كه‌س چاك بونه‌ته‌وه‌و پتر له‌ ١٢٦ هه‌زار كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.
ته‌نیا له‌ ئه‌مریكا، پتر له‌ ٦١٣ هه‌زار كه‌س تووش بوون و زێده‌تر له‌ ٤٩ هه‌زار كه‌س باری ته‌ندروستیان پاش گیرۆده‌ بوون به‌ په‌تاكه‌ به‌ره‌و باشی چوه‌و نیزك به‌ ٢٦ هه‌زار كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. به‌م جۆره‌و له‌ ساتی جیهان دا، وڵاتی ئه‌مریكا له‌ رووی تووش بوون و مردن به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دا جێده‌گرێت.

No comments: