Archive

Sunday, July 5, 2020

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مەریكا له‌گه‌ڵ تره‌مپ ناكۆكه‌

به‌پێچه‌وانه‌ی لێدوان و خواسته‌كانی سه‌رۆكی وڵات، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دژی بەکارهێنانی سوپایە بۆ چەسپاندنی یاسا لە خۆپیشاندانەکانی وڵات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێشتر هۆشداری دا لەوەی هێزی لەشکری دەنێرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان، بەڵام مارک ئیسپەر رۆژی چوارشەممە (3-6-2020)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد، بەکارهێنانی سوپا تەنیا بۆ هه‌لومه‌رجه‌ دژواره‌كانه، ئەو هەلومەرجانەی هیچ رێگەچارەی دیکەیان نییە.

ئیسپەر لەژێر گوشاری تره‌مپ رێگەی داوه‌ نزیکەی 1300 یەکەی لەشکری رەوانەی بنکەیەکی سەربازی لە دەرەوەی واشنتن بکرێت.

وه‌زیری به‌رگریی ئەمەریکا له‌ کۆنفرانسەکەی له‌ پێنتاگۆن، ‌رەخنەی لە کردارەکانی پۆلیسی مینیاپۆلیس گرت و، گیانله‌ده‌ستدانی جۆرج فلۆیدی به‌ "کوشتن و تاوانێکی سامناک" لەقەڵەم دا.

ترەمپ پێشتر رایگه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیه‌كان نه‌یانتوانی كۆنترۆڵی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن و رێگری له‌ تووندوتیژی بكه‌ن، "هێزی سه‌ربازی و سوپا" له‌ شاره‌كاندا بۆ رێگری له‌ ئاژاوه‌ و پشێوی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتەکانیدا رەخنەی ئەوەشی گرتبوو کە "ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌ند ویلایه‌تێك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون لەوەی ئاسایش و ئارامی دابین بكه‌ن".

ئێستا، هه‌زاران پۆلیس و هێزی ئاسایش له‌ واشنتن و به‌شێكی شاره‌كانی دیكه‌ی وڵات بڵاوه‌یان پێكراوه‌ تاوەكو ئاسایش و ئارامی دابینبكه‌ن و نەهێڵن خۆپیشاندانەکان زیاتر لەژێر کۆنترۆڵ دەربچن.

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای دەسەڵاتەکانی بەرگریی نیشتیمانی نراون، کە وەزارەتی بەرگریی ئه‌مەریكا بەپێی ئەو یاسایە بودجه‌ی ساڵانه‌ی خەرج دەکات. له‌مساڵدا 730 ملیار دۆلار بەپێی یاسای دەسەڵاتەکانی بەرگریی نیشتیمانی خەرجکراوه‌، هەموو ساڵێکیش ئەم یاسایە له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌ پەسەند دەکرێت و گشت مووچه ‌و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی لەڕێگەیەوە دابین دەکرێت.

ئه‌م قسانه‌ی وه‌زیری به‌رگری له‌كاتێدان،‌ رۆژی چوارشەممە دادگا سزای نوێی بەسەر دێرک شۆوڤین، بکوژی جۆرج فلۆید راگه‌یاند کە کوشتنی پلە دووە. کوشتنی پلە دوو لە یاسای تاوانکاریی ئەمریکادا واتا کەسێک بەبێ ئەوەی پیلانی داڕشتبێت، کەسێکی دیکە بکوژێت؛ بەوەش ئەو ئەفسەرەی پۆلیس رووبەڕووی سزای قورستر دەبێتەوە و رەنگە ماوەی بەندکردنی بگاتە 40 ساڵ.

هه‌روه‌ها بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردن بۆ سێ ئەفسەرەکەی دیکەش دەرچووه‌ كه‌ لەکاتی کوشتنی جۆرج فلۆید، لەگەڵ دێرک شۆوڤین بوون، ئه‌وان بە تاوانی هاوکاریکردن لە کوشتنی پلە دوو دادگایی دەکرێن.

رۆژی 25-5-2020 جۆرج فلۆید، هاووڵاتییەکی رەشپێستی ته‌مه‌ن 46 له‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه‌ له‌شاری مینیاپۆلیس گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا ده‌ستگیركرا، به‌ڵام له كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له‌ژێر دەستی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس گیانی له‌ده‌ستدا.

بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه‌، كه‌ تێیدا پۆلیسەکە و فلۆید دەردەکەون، لەکاتێکدا پۆلیسەکە ئه‌ژنۆی خستووەتە سه‌ر ملی فلۆید و ئەویش دەپاڕێتەوە کە قاچی هەڵگرێت بەهۆی ئەوەی ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام پۆلیسەکە بێباکە لە قسەکانی و تاوەکو نزیکەی نۆ خولەک قاچی بەرزناکاتەوە. فلۆید لەژێر ئه‌ژنۆی پۆلیسەکەدا ده‌بوورێته‌وه ‌و دواتر گیانله‌ده‌ستده‌دات. تاوەكو هه‌نووكەش به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌،‌‌ زیاتر له‌ 200 شاری ئه‌مەریكا رێپێوان و ناڕه‌زایه‌تییان به‌ خۆیانەوە‌ بینیوە. لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکانیش تووندوتیژی و تاڵان و دزی کراوە.

No comments: