هه‌نگاوه داراییه‌كانی كۆنگرێس دژی كۆرۆنا گه‌یشته ٣ تریلیۆن دۆلار
كوردستان ٢٤\ واشنگتن
ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا كه هه‌نووكه كۆمارییه‌كان تێیدا باڵاده‌ستن و له ١٠٠ ئه‌ندام پێكدێت، كه كۆی ئه‌و ئه‌ندامانه پێكه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ٥٠ ولایه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، له هه‌نگاوێكی دیكه‌دا له‌سه‌ر كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رێكبكه‌ون تاكوو بڕی نزیك به ٥٠٠ میلیارد دۆلاری دیكه به ده‌وڵه‌ت بدرێ بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنادا.
به‌مه‌ش كۆی ئه‌و بوجه‌ی كه تاكوو ئێستا له لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه بۆ شه‌ری كۆرۆنا ته‌رخان كراوه، نزیك به ٣ تریلیۆن دۆلاره.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا هیوای خواست كه هه‌رچی زوتر ئه‌م ٥٠٠ میلیارد دۆلاره په‌سه‌ند بكرێ و وتی: "پاش ئەوەی ڕێکەوتنەكه واژۆ دەکەم، دواتر دەست دەکەین بە تاوتوێکردنی ڕێکەوتنێکی دیکە سەبارەت بە دابینکردنی یارمەتی بۆ ولایه‌ت و حکومەتە ناوخۆییەکان و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا."
له به‌رانبه‌ردا میچ مککۆنێڵ ڕێبه‌ری زۆرینه‌ی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند: "پێشوازی لەم ڕێکەوتنە دەکەم و هیوادارم سینات هه‌رچی زوتر پەسەندی بکات."
ئەم هاوهه‌نگاویه، ٤هه‌مین ڕێکەوتنی گەورەی ئابوری حکومەتی فیدڕاڵه كه له پێناو کەمکردنەوەی ئەو زیانانەیه كه بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەر ئابووری ئه‌مریكا كه‌وتوه كه تاكوو ئێستا پتر له ٢٢ میلیۆن كه‌س كاره‌كانیان له ده‌ست داوه.
به گوێره‌ی ئه‌م رێكه‌وتنه له نێوان كۆماری و دێموكراته‌كان دا،
٣٢١ ملیارد دۆلار بۆ کارە بچووکەکان و ئەو به‌رنامانه‌ی قەرز دەدەن، ته‌رخان ده‌كرێت.
هه‌روها بڕی ٥٠ ملیار دۆلاریش بۆ پڕۆگرامی دابینکردنی قەرز بۆ پێداویستی کارەساتە له‌ناكاوه‌كان دابین ده‌كرێ و ئه‌وه‌ی دیكه‌شی بۆ كاروبار‌و پێداویستی نەخۆشخانەکان و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌به‌رچاو گیراوه.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی كۆنگرێس و كۆشكی سپی له كاتێیدایه كه وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مەریكا له دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووه، كه رۆژ به رۆژ كۆرۆنا زیانی زیاتر به ئابووری وڵاتەكە ده‌گه‌یه‌نێت و له ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا، پتر له ٢٢ ملیۆن کەس له سه‌راسه‌ری وڵات کارەکانیان لە دەستداوەو چاوەڕوان دەکرێت كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر به‌ش و كه‌رته جیاجیاكانی ئابووری ئه‌مەریكا زیاتر خۆی ده‌ربخات.
ئابووریناسان رایان وایە له ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا، ئابووری ئه‌مەریكا وه‌كوو مه‌زنترین ئابوری جیهان، به ١٠.٨% دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ئه‌م قه‌یرانه‌ش له پاش جه‌نگی جیهانی دووهه‌مه‌وه بێ وێنه‌یه.
هاوكات به گوێره‌ی راپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی كاری ئەمەریكا، له ساڵی ١٩٣٠ به‌م لاوه، ئاستی بێ‌کاری لە ئه‌مریكا هه‌رگیز به راده‌ی ئێستا نه‌بوه.
له پاڵ ئه‌مانه‌دا، وته‌بێژی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا له به‌یاننامه‌یه‌ك دا ئاشكرای كرد: "سه‌رۆك تره‌مپ و سه‌رۆك وه‌زیران بوریس جۆنسۆن له رێگای ته‌له‌فونه‌وه پێكه‌وه قسه‌یان كردوه‌و بەڵێنیانداوە درێژه به هاوكاری دوو لایه‌نه‌و توندوتۆڵی نێوان دوو وڵات بده‌ن بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، هه‌روها دوو لایه‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه به زووترین كات ڕێکەوتنێکی بازرگانی سەربەخۆ واژۆ بكه‌ن."
پەسندکردنی ئەو بڕە پارەیە وەک هاوکاریی دارایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو له پێناو بووژاندنەوەی ئابووری ئەمریکا لە كاتێكدایه كه تا ئێستا لە ئەمریکا پتر له ٨٢٧ هەزار تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون زیاتر له ٧٣ هه‌زار كه‌س چاك بوونه‌وه‌و هه‌روه‌ها زێده‌تر له ٤٥ هه‌زار كه‌سیش گیانیان له ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها بریتانیاش، پتر له ١٢٩ هه‌زار كه‌س تووش بوون و له‌و نێوه‌دا، نزیك به ١٨ هه‌زار كه‌س مردوون.
No comments:
Post a Comment