Archive

Sunday, July 5, 2020

تره‌مپ ڤیتۆی كرد

دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ویلاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا، بڕیارنامەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ سنوورداركردنی ھەڵگیرساندنی شەڕ لەدژی ئێرانی ڤیتۆ كرد.

له‌ به‌یاننامه‌ی کۆشکی سپی دا له‌مباره‌وه‌ هاتووه‌: "پڕۆژە یاسای ئه‌س جی 68  سوکایەتیکردن بوو، كه‌ دیموکراتەکان پێشکەشیان كرد، ئه‌مه‌ش به‌رنامه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بوو تاكو دووبه‌ره‌كی بخه‌ ناو كۆمارییه‌كان و به‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی داھاتوو ببەنەوە كە بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت".

ترەمپ، ره‌خنه‌ی له‌و كۆماریانه‌ش گرت كه‌ ده‌نگیان به‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ داوه ‌و ئه‌وانی به‌ ده‌سكه‌لای دیموكراته‌كان ناو برد.

جەختیشی كردەوە، هێزی چه‌كدار بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران به‌كار ناهێنێ. لەبارەی كوشتنی قاسم سولەیمانی ترەمپ رایگەیاند: "بڕیاری كوشتنی قاسم سولەیمانی به‌ گوێره‌ی یاسا بووه"‌‌.

له‌ بیاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی دا  بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هاتووه‌، به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك به‌ مه‌به‌ستی راگه‌یاندنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار و ناپێویسته‌‌‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی وڵات ده‌خاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌.

پێشتر  له‌ كۆی 435 ئه‌ندامی كۆنگرێس كه‌  دیموكراته‌كان تێیدا زۆرینه‌ن، پڕۆژه‌ یاساكه له‌ 11ی مارس رابردوودا، ‌ به‌ 227 ده‌نگی به‌ڵێ په‌سه‌ند كرا. ھەروەھا ئه‌نجوومه‌نی پیران كه‌ له‌ 100 ئه‌ندام پێكهاتووه‌و كۆمارییه‌كان تێیدا زۆرینه‌ن، به‌ 55 ده‌نگی به‌ڵێ، له‌ بەرامبەر 45 ده‌نگی نه‌خێردا، پرۆژه‌ یاسایه‌كیان په‌سه‌ند كرد، كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مەریكای بۆ هه‌ڵگیرسان و راگه‌یاندنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران، سنووردار كردبوو كه‌ سه‌رۆك به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ و ره‌زامه‌ندی‌ كۆنگرێس  ناتوانێ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تاران رابگه‌یه‌نێت.

له‌ كۆنگرێس، 6 ئه‌ندامی كۆماری، هاورێ له‌گه‌ڵ 220 دیموكرات و نوێنه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌نگی بەڵێیان به‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا، له‌ بەرامبەر 6 ئه‌ندامی دیموكرات و 180 كۆماری بە نەخێر ده‌نگیان دا. ھەر ئەوكات تره‌مپ رایگه‌یاند دژی ئەو هه‌نگاوه‌ ڤیتۆ ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ رۆژی چوارشه‌ممه 6/5/2020‌، چونكە دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی سینات ده‌نگیان به‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ نه‌دابوو، ترەمپ توانی مافی ڤیتۆ به‌كار بێنێ و پڕۆژه ‌یاساكه‌ ره‌تبكاته‌وه‌.

No comments: