Archive

Sunday, July 5, 2020

قەدەغەی هاتووچۆ لە فەرەنسا کۆتایی پێدەهێنرێت و ژیان ئاسایی دەکرێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن زۆربەی رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆی فەرەنسای لادا و لەمڕۆوە ژیان لە فەرەنسا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا شەوی رابردوو (یەکشەممە، 15-6-2020) لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ)ـوە، گوتارێکی 20 خولەکی پێشکەش کرد و باسی هەنگاوە نوێیەکانی فەرەنسای کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. ئەمە چوارەم گوتاری هاوشێوەیە کە ماکرۆن لەماوەی پەتای کۆرۆنا پێشکەشی خەڵکی وڵاتەکەی دەکات.

ماکرۆن لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا هێشتا بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فەرەنسا كۆتایی نه‌هاتووه‌، "بەڵام شادمانم به‌وەی‌ یەکەم سەرکەوتنی وڵاتەکەمان بەسەر ڤایرۆسەکەدا راده‌گه‌یه‌نم. لە رۆژی دووشه‌ممه‌وه‌، هەموو شوێنەکانی وڵات دەکرێنەوە، جگە لە ناوچه‌كانی مایۆت و گیانا کە تاوەكو ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو دوو شوێنەدا چالاکە".

سه‌رۆكی فه‌رەنسا باسی له‌وه‌ش كرد، له‌ 22-6-2020ـەوە خوێندنگەکانی وڵاته‌كه‌ی دەکرێنەوە و دەبێت سەرجەم قوتابییان بچنەوە قوتابخانەکان.

ئه‌م گوتاره‌ی سه‌رۆكی فەرەنسا له‌كاتێكدایه‌، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 157هەزار کەس لە فەرەنسا تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 29 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

هەڵگرتنی رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ لە فەرەنسا لەکاتێکدایە، كۆمپانیای بەریتانیای ئەسترازێنیکا پڵەس، رێککەوتنێکی لەگەڵ چوار وڵاتی ئەوروپی و له‌ نێویاندا فەرەنسا واژۆکردووە بۆ ئه‌وه‌ی ٤٠٠ ملیۆن ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان بۆ دروست بكات.

كۆڤید١٩، له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٩، له‌ شاری وهانی چین بڵاووبوو‌ه‌وه‌، دواتر پەتاکە پتر‌ له‌ ٢٠٠ وڵاتی دنیای گرته‌وه، تاوەكو ئێستا له‌ ئاستی جیهاندا زیاتر له‌ ٧ ملیۆن و ٩٦٣ هه‌زار كه‌س تووشی بوون، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ ٤٣٥ هه‌زار كه‌سیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

No comments: