رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی تویته‌ره‌وه دژی ئه‌و راپۆرته‌ی نیویۆرك تایمز هاته ده‌نگ، كه باسی له‌وه كردبوو، گۆیا رووسیا یارمه‌تی تاڵیبانی داوه بۆ كوشتنی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان. رۆژنامه‌كه له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه، تره‌مپ له‌و كێشه‌یه ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام ئه‌و هیچ هه‌نگاوێكی دژی مۆسكۆ نه‌ناوه.
له تویته‌كه‌یدا تره‌مپ نووسیویه‌تی: "نە من، نە جێگری سەرۆك، نە مارك مێدۆسی، سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی له‌وه ئاگادار نەکراوینەتەوە كه رووسییه‌كان له ئه‌فغانستان هێرشیان كردبێته سه‌ر هێزەکانمان، هەر وەك چۆن لە رێی سەرچاوەی نادیاره‌وه لە نیویۆرك تایمزی بنكه‌ی هەواڵی ناڕاسته‌وه بڵاو کراوەتەوە. هەمووان نکوڵی لێ دەکەن و هیچ هێرشێك نەکراوەتە سەرمان".
لای خۆشیه‌وه کۆشکی سپی نكوڵی له‌وه كردووه، كه سه‌رۆك تره‌مپ له‌م باره‌وه ئاگادار كرابێته‌وه. بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئه‌مه‌ریكاش هه‌مان هه‌ڵوێستی كۆشكی سپییان نیشان دا، كه تره‌مپ و جێگره‌كه‌ی له‌سه‌ر بابه‌تی وا ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه و راپۆرتەکەی نیویۆرك تایمزیان به ناڕاست له قه‌ڵه‌م دا.
رۆژی هه‌ینی هه‌فته‌ی رابردوو، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، له راپۆرتێک‌دا باسی له‌وه كردبوو، هەواڵگری ئەمەریکا بۆیان دەرکەوتووە، هەواڵگری سه‌ربازی سه‌ر به رووسیا پاره‌ی وه‌ك خه‌ڵات داوه‌ته ئه‌و چهكدارهكانهی تاڵیبان كه سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكییان له ئه‌فغانستان كوشتووه.
ده‌سبه‌جێ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راپۆرتەی نیویۆرك تایمزی ڕەتکردەوە. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش، دیموکراتەکانی ئه‌مه‌ریكا راپۆرته‌كه‌یان كردووه‌ته خۆراكی هێرش كردنه سه‌ر تره‌مپ و به‌وه تاوانباری ده‌كه‌ن، كه سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان زانیارییەکانی دژ بە رووسیا پشتگوێ ده‌خات، به‌و جۆره دژی سەرۆکی رووسیا، ڤلادمێر پۆتین هیچ هه‌نگاوێك نانێ.
پاش هێرشه تیرۆریستیه‌كه‌ی رێكخراوی قاعیده له 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001دا، ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی كرد بۆ رووخانی حكومه‌تی تاڵیبان.
له مانگی رابردوودا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانى گوتبوو، ده‌یه‌وێت ته‌واوى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بكشێنێته‌وه. ئه‌م بڕیاره‌ى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ناكۆكى له‌سه‌ر كاته‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان خسته نێوان وه‌زاره‌تى به‌رگریی و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته. تره‌مپ به نیازه به‌ر له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كه بڕیاره مانگی 11ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت، كۆی هێزه‌كان به بیانووی درێژه‌كێشانی شه‌ڕ و تێچووی زۆری دارایی بكشێنێته‌وه.
له ئێستادا 13 هه‌زار سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا، له ئه‌فغانستان هه‌ن، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت، له‌و كاته‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستانن، زیاتر له 2 هه‌زار و 400 سهربازىان له‌و وڵاته كوژراون.
No comments:
Post a Comment