Archive

Wednesday, July 22, 2020

دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بێ ئاهەنگ دەبێت


K24- واشنتن:

رۆژی سێشه‌ممه‌، رێكه‌وتی 21ی مانگی 7ی 2020، بونیادی نوبێل‌ راگه‌یاند، ئه‌مساڵ به‌ هۆی مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كورۆناوه،‌ خوانی ئاشتی نۆبڵ به‌رێوه‌ناچێت. خوانی نۆبڵ نه‌ریتێكی ساڵانه‌یه‌ و له‌ كاتی پێشكه‌ش كردنی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵ لە ئۆسلۆ ساز دەکرێت. 

له‌ ساڵی 1956 به‌دواوه‌، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ رێوره‌سمەکە به‌رێوه‌ناچێت. به‌ گوێره‌ی راگه‌یەندراوی دامه‌زراوه‌ی نۆبڵ، دواهەمین جار ساڵی 1956، به‌ هۆی سه‌ركوتکردنی شۆڕشی هه‌نگاریا له‌ لایه‌ن یەکێتی سۆڤیه‌ته‌وه‌، ‌خوانی نۆبڵ هەڵوەشێنرایەوە، ئه‌وەش بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ بەو جۆرە بتوانن رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی‌ نوێنه‌ری موسكۆ له‌ خوانه‌كه‌دا به‌شدار بێ.

خه‌ڵاته‌كانی نۆبڵ بۆ 2020 له‌ بوارەکانی پزیشکی، فیزیا، کیمیا، ئەدەب، ئاشتی و ئابووری لە ڕۆژانی 5 بۆ 12 مانگی 9دا ئاشكرا ده‌كرێن. له‌ كۆی خه‌ڵاته‌كان، ته‌نیا خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە شاری ئۆسلۆ پێشكه‌ش ده‌كرێت. خه‌ڵاته‌كانی دیكه له‌ شاری ستۆكهۆلم و‌ له‌ لایەن پاشای وڵاتی سوویدەوە پێشكه‌ش ده‌كرێن.

كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی خه‌ڵاتی نوبێل:

خه‌ڵاتێكی‌ زانستی‌ جیهانیه‌. له ‌ناوی‌ زانا و داهێنه‌ری‌ دینامێت، ئه‌لفرێد نۆبێڵ كه‌ خه‌ڵكی سوید بووه‌ وه‌رگیراوه‌. ناوبراو ساڵێك به‌ر له‌ كۆچی‌ دوایی‌، واته‌ 1895، وه‌سیه‌تی‌ كرد ئه‌و سامانه‌ی‌ له‌ دوای‌ به‌جێده‌مێنێت له‌ رێی‌ خه‌ڵاتێكی‌‌ ساڵانه‌وه‌ بدرێته‌ داهێنه‌ران، گه‌وره‌ بیرمه‌ندان و كه‌سانی‌ ئاشتیخواز. نۆبڵ له‌ دوو توێی وه‌سیه‌تنامه‌یه‌کی فه‌رمیدا داوای کردبوو زیاتر له‌ 31 ملیۆن کرۆنی سوویدی که‌ سه‌رجه‌می سامانه‌کی ئه‌و بوو بکرێته‌ پاره‌ی وشک و وه‌ک سه‌رمایه‌ بخرێته‌ گه‌ڕو هه‌موو ساڵێ ‌داهاته‌که‌ی له‌ نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا دابه‌ش بکرێ كه له‌‌ پێناو پێشکه‌وتن و ئاسووده‌ی مرۆڤایه‌تی دا تێده‌كۆشن و باشترین و ئازایانه‌ترین هه‌وڵیان تۆمار کردووه‌.

کارو باری دابه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی سێ رێكخراوی سویدی و لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت که‌ له‌ لایه‌ن پەرلەمانی نەرویجەوە دیاری ده‌کرێت.

نوێنه‌ری ئه‌یاله‌ته‌کانی سوید و نەرویج که‌ ئه‌و کات ولاتێکی یه‌کپارچه‌ بوون راپه‌راندنی کاره‌كانیان له‌ ئه‌ستۆ بوو.

بۆ جاری‌ یه‌كه‌م رێوره‌سمی‌ پێشكه‌شكردنی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵ له‌ ساڵی‌ 1901 به‌رێوه‌چوو.

یه‌كه‌م خه‌ڵاتی‌ ساڵی‌ 1901، بریتی‌ بووه‌ له‌ 5 ملیۆن كرۆنی سویدی، كه‌ یەکسان بووە بە 1 ملیۆن دۆلاری‌ ئەمەریکی.

تاكو ساڵه‌کانی 1960، له‌ ناو هه‌موو وڵاتانی جیهاندا ته‌نیا 30 وڵات توانیبوویان خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌ربگرن. ئەمەریکا زۆرترین خه‌ڵاتی وه‌رگرتبوو. له‌ 325 خه‌ڵات 74 دانه‌یان به‌ر ئه‌مەریکا کەوتبوو. دواتر بەریتانیا

که‌ 50 خه‌ڵاتی وه‌رگرتبوو. ئەڵمانیا 49، فه‌رانسا‌ 34، سوید که‌ خۆی خاوه‌نی خه‌ڵاته‌که‌ بوو 15 خه‌ڵاتی به‌ر که‌وتبوو.

ساڵی 1914 تاكو ساڵی 1918 لە ماوەکانی جەنگی جیهانی، خه‌ڵاته‌كه‌ پێشكه‌ش نه‌كراوه‌.

له‌ ساڵه‌کانی 1940 تا 1943 دا خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیات و ئاشتی به‌ که‌س نه‌دراوه‌.

هه‌نووكه‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵ جگه‌ له‌ بڕوانامه‌، مه‌دالیایه‌كی‌ ئاڵتونی‌ و بڕێك پاره‌ی‌ له‌گه‌ڵ دایه‌.

No comments: